کێ بڕوای بە ئێوە ماوە؟
دوو حیزبە دەسەڵاتدارەکەی هەرێمی کوردستان هەموو کات خۆیان وا نیشان دەدەن کە لە شەڕێکی تەواودان. پارتی دەڵێت یەکێتی لە کەرکوک و لە 16 ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 خیانەتی کردووە و شارەکەی ڕادەستی حەشدی شەعبی و عێراقییەکان کردووە. یەکێتیش دەڵێت پارتی لە شەنگال هەڵهاتووە و شارەکەی ڕادەستی داعش کردووە و هەزاران کوردی ئێزدی کوژراون و بریندار بوون و هەزارانی دیکەش بە دیلی لای داعش ماونەتەوە.
پارتی و یەکێتی نە سیاسەت دەزانن و نە کوردستانیان دەوێت. پارتی قاچێکی لە تورکیا و لای بەرپرسانی سوپا و میتی ئەو وڵاتەیە و یەکێتیش ڕۆژ نییە باوەش بە سەرکردەکانی عێراق و حەشدی شەعبیدا نەکات، ئەم سیاسەتەی پارتی و یەکێتی هیچ لە پێکەوەبوونی دوو حیزب ناکات کە پێکهێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستانن.
پارتی و یەکێتی بە بودجە و قوتی ئەم خەڵکە دەیان میدیای بینراو و بیستراو و کاغەزی و پەیجی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان بەرداوەتە گیانی خەڵک و شەڕی ڕاگەیاندن دەکەن. ئەوان یەکتر بە درۆزن و دز و جەلاد و خائین و هەموو دەسەواژەیەکی نەشیاوی دیکە ناو دەبەن. بەڵام دوا جار بەوپەڕی شەرمەزارییەوە لە دەوری یەک مێز کۆدەبنەوە و دەڵێی نە بایان بینیوە و نە بۆران.
پارتی و یەکێتی ڕۆژی سێ شەممە 7 ی تشرینی دووەمی 2023 جارێکی دیکە لە ئاستێکی باڵادا کۆبوونەوە و پاش کۆبوونەوەکە ڕاگەێندراوێکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە.
دوو حیزبە دەسەڵاتدارەکەی هەرێمی کوردستان ڕاگەێندراوێکیان بڵاو کردووەتەوە کە وەک هەمیشە بە وشە و دێڕە دووبارەکان مێشک و دەروونی خەڵکی کوردستان ئازار دەدات.
ئەوان ڕایانگەیاندووە کە پێکەوە هاوکار دەبین و جەختمان لە پێکەوەیی و کاری هاوبەش کردووەتەوە، بارودۆخی هەرێمی کوردستانمان تاوتوێ کردووە، لێک تێگەیشتنی باشمان هەیە و کۆبوونەوەکان بەردەوام دەبن.
خەڵکی کوردستان بڕوا و متمانەیان بە ئێوە نەماوە و درەنگ یان زوو دەتانگۆڕن، لەمە دڵنیا بن کە هەر ڕوو دەدات، ئێستا بێت یان کاتێکی دیکە کە دڵنیام ئەو کاتە زۆر دوور نییە.