پارتی لە هەولێر دەدۆڕێت؟

بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەڕەشەی وەرگرتنەوەی هەولێری لە پارتی دیمۆکراتی کوردستان کردووە. ئەو دەڵێت هەر شتێک بڵێت جێبەجێی دەکات.

پێویستە بزانین پارتی لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا لە هەولێر لە چ بارودۆخێکدا بووە؟

پارتی دیمۆکراتی کوردستان لە کۆتا هەڵبژاردندا کە ساڵی 2018 لە هەرێمی کوردستان کراوە، توانیویەتی لە تەواوی پارێزگای هەولێر 258 هەزار و 351 دەنگ بە دەست بێنێت بەڵام نزیکەی نیوەی دەنگەکانی تەنیا لە یەک زۆندا بە دەست هێناوە کە لە سەدا 20 ی کۆی دانیشتووانی هەولێر پێک دێنێت.

واتە پارتی دیمۆکراتی کوردستان تەنیا بە لە سەدا 20 ی دانیشتووانی پارێزگای هەولێر کە دەکەونە دەرەوەی سەنتەری شاری هەولێر، یارییەکە دەباتەوە، لە کاتێکدا کە لە ناو شارەکەدا دەدۆڕێت.

پارتی تەنیا لە بازنەی یەکی پارێزگای هەولێر کە قەزاکانی چۆمان، سۆران، ڕواندز، شەقڵاوە و مێرگەسور دەگرێتەوە، توانیویەتی 128 هەزار و 526 دەنگ بە دەست بێنێت، لە سێ بازنەکەی دیکەی هەولێریش 119 هەزار دەنگی بە دەست هێناوە، لە کاتێکدا کە ئەو سێ بازنەیە لە سەدا 80 ی دانیشتووانی پارێزگاکە لە خۆ دەگرێت.

بە واتایەکی دیکە، پارتی بە دەنگی دەرەوەی هەولێر، حوکمی ناوەوەی هەولێر دەکات.

لەم هەڵبژاردنانەدا پارتی پێگەی لەو ناوچانەش لاواز بووە و لە ناو عەشیرەتەکاندا حیزب و کاندیدی جیاواز هەیە و پارتی وەک جاری پێشوو ناتوانێت دەنگەکانی لەو ناوچانە بە دەست بێنێت.