سەرۆک وەزیرانە پەتاتەفرۆشەکە
هەرێمی کوردستان خاوەن داهاتێکی زۆری نەوتی و نانەوتی بووە. دزین و تاڵانکردنی داهاتەکان وایکردووە کە هیچ کەرتێکی هەرێم گەشەی نەسەندبێت و حیزبەکانی دەسەڵاتدار بۆ کۆکردنەوەی دەنگ و لایەنگرانی خۆیان ئەم هەرێمەیان کردووەتە هەرێمێکی بەکارهێنەر و بەرهەمی ناوخۆیی تێیدا گەشەی نەسەندووە.
کە واتە بەو هەموو داهاتە نەوتی و نانەوتییەوە هەرێمی کوردستان هیچی نەکردووە و گەشەی هیچی نەبووە و دەیان جۆرە قەیران و کێشە بە سەر ژیانی خەڵک و کوردستانەوە دەبینرێت، ئەی سەرۆک وەزیرانە برسیکەرەکە چۆن دەتوانێت بە فرۆشتنی پەتاتە هەرێمەکەی بگەێنێتە خۆبژێوی؟
مەسرور بارزانی ڕایگەیاندووە کە پەتاتەی هەرێم بەشی تەواوی عێراق دەکات و دەتوانرێت هەناردەش بکرێت. جاران باسی ئەوەیان دەکرد کە نەوتی هەرێم بازاڕەکانی جیهان داگیر دەکات و غازەکەشی ڕەوانەی وڵاتانی دەرەوە دەکرێت، ئێستا کە دەستیان لە دۆسیەی وزە بڕاوە، بە ناچار و بۆ دڵنەوایی خۆیان و خەڵک باسی پەتاتە و هەنار دەکەن، ئەوەش ڕوون دەبێتەوە کە هیچ نییە و تەنیا بانگەشەی سەرۆک وەزیران و ستافەکەیە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان.