دیوارەکەی بەرلین و دوو ئیدارەییەکەی هەرێمی کوردستان

هەرێمی کوردستان کە بە ئەزموونی حکومڕانی کوردی ناوی دەبەن، بووەتە ئەزموونێکی شکستخواردوو و نە تەنیا هیچ دەسکەوتێکی نەبووە بەڵکوو زیانەکانی بۆ کۆمەڵانی خەڵک قۆناغ بە قۆناغ زیاتر بووە.

لە ئەڵمانیا دیواری بەرلین ڕووخا و ماوەی ساڵێکی نەبرد و ئاسەواری ئەو دوو سیستمە نەما بەڵام لە هەرێمی کوردستان و پاش 33 ساڵ هێشتا دوو زۆنی ژێر دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی بوونی هەیە و ناوە ناوە هەڕەشەی گەڕانەوە بۆ ئەو دوو ئیدارەییەی هەولێر و سلێمانی دەکرێت.

ئەو هەرێمەی کوردستان کە بە ئەزموونی حکومڕانی کوردی ناوی دەبەن، 33 ساڵە خاوەنی دوو هێزی سەربازی، دوو دەزگای هەواڵگری، دوو هێزی ئاسایش و دوو هێزی دژە تیرۆرە. تا ئێستاش حکومەتی هەرێم نەبووەتە حکومەتێکی یەکگرتوو کە گوزارشت لە تەواوی هەرێم بکات و دەسەڵاتی بە سەر تەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستاندا هەبێت.

ئەگەرچی لە نێوان ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی کە بە زۆنی زەرد و سەوز ناسراوە، دیوارێک نییە بەڵام لە بیر و هزری خەڵکدا ئەو دیوارە ڕاکێشراوە و ڕووخانیشی بۆ نییە.

لە هەرێمی کوردستان تەواوی ڕێکخراو و سەندیکاکانیش بە حیزبی کراون. ئەوەی بیەوێت هەنگاوێک لەم هەرێمە هەڵبگرێت دەبێت بە تەزکیەی حیزبی بێت و هیچ شتێک بە سەربەخۆیی نەماوەتەوە.

ئەم بارودۆخ و لێکترازانەی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، وایکردووە کە دەیان کێشە و قەیرانی تێدا بێت و بەرگەی هیچ دۆخێکی نوێ و هاوکێشەکانی عێراق و ناوچەکە ناگرێت.