دۆخە مەترسیدارەکەی هەرێمی کوردستان
ڕۆژانە و لە میدیاکانەوە دەبینین کە چۆن پارتی و پەکەکە هێرش دەکەنە سەر یەکتر و بە دەیان تۆمەت دەدرێتە هەر یەک لەم دوو لایەنە.
هەرێمی کوردستان ئەزموونی تاڵی شەڕی ناوخۆیی هەیە لە نێوان پارتی و یەکێتی و لەو شەڕەدا بە هەزاران کەس کوژران و هەزارانیتر بێسەروشوێن کراون.
تورکیا هەرێمی کوردستانی داگیر کردووە و دەرفەتی هێناوەتە پێشەوە کە پارتی و پەکەکە ئەو شەڕە کوردییە دەست پێبکەن، شەڕێک کە تەنیا تورکیا لێی سوودمەند دەبێت و کورد زیانی گەورەی تێدا دەبینێت.
کێشەکە لەوەدایە کە یەکێتی نیشتمانی کوردستان و لایەنە سیاسییەکانیتر هیچیان بۆ ڕێگری لە هەڵگیرسانی ئەم شەڕە پێناکرێت و لە بەرامبەر ئەو مەترسییە کە ڕووی لە کوردستان کردووە کەمتەرخەمن.
تورکیا بارودۆخی ئێستای ناوچەکە بە تایبەت لە پاش تیرۆری ئیسماعیل هەنیە بەکار دێنێت بۆ جێبەجێکردنی پلانەکانی لە هەرێمی کوردستان و تێوەگلانی پارتی لە شەڕی دژ بە پەکەکە و دواتریش ڕەنگە بە هۆی ململانێکانەوە شەڕەکە ببێتە شەڕی پارتی و یەکێتی، هاوشێوەی ئەو شەڕە ناوخۆییە لە نەوەدەکاندا خەڵکی کوردستان بە چاوی خۆیان بینیویانە.