ئەمە بۆ واز ناهێنێت؟

لاهور شێخ جەنگی کە وەک هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە 8 ی تەمموزی 2021 لە پۆستەکەی دوور خرایەوە و هیچی بە دەستەوە نەماوە، هەوڵ دەدات بە هەر شێوازێک خۆی لە مەیدانی سیاسی هەرێمی کوردستاندا بهێڵیتەوە.

هاوسەرۆکەکەی پێشووی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە تەنیا چەند کەسێکی لە چواردەوەردا ماوە، خۆی وەک کەسێک دەناسێنێت کە جەماوەرێکی زۆری هەیە و دەتوانێت گۆڕانکاری بکات و لانیکەم تۆڵەی دەرکردنەکەی لە یەکێتی بەو شێوەیە بکاتەوە.

ئەو سەردەمێک کە نەیارە گەورەی پارتی و بارزانییەکان بوو، لە پێناو ئامانجەکەی خۆیی لە مەسرور بارزانی و پارتی نزیک کردەوە. لە گەڵ ئەژی ئەمین لەوپەڕی ناکۆکیدا بوو بەڵام لە دژی کوڕانی تاڵەبانی پێکەوەیی هەڵبژاردووە و بەردەوام سەرقاڵی داڕشتنی پلانی جۆربەجۆرە.

لاهور شێخ جەنگی بۆ هێشتنەوەی خۆی وەک کەسێکی سیاسی و خاوەن بڕیار و کاریگەری، هەوڵی نزیکبوونەوەی لە لایەنە سیاسییەکان دەدا. لە گەڵ گۆڕان و ئیسلامییەکان کۆبووە و خۆی وەک هاوسەرۆکی یەکێتی ناساند بەڵام ئەو لایەنانە ڕایانگەیاند کە ئەو وەک کەسی لاهور شێخ جەنگی دەناسن نەک هاوسەرۆکی یەکێتی.

هاوسەرۆکەکەی پێشووی یەکێتی بەردەوام بەشداری لە بۆنە جۆربەجۆرەکان دەکات، سەردانی کافتریا و کەبابخانەکان دەکات، بەشداری لە پرسەی خەڵکدا دەکات و بەمەش دەیەوێت خۆی بە کەسایەتییەک بناسێنێت کە دڵی لای خەڵکە و پشتیوانی لەوان دەکات، ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی ئەودا هیچی بۆ خەڵک نەکرد.

لاهور شێخ جەنگی بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە دەتوانێت بە جەماوەرەکەی ڕێژەی دەنگەکانی یەکێتی زۆر کەم بکاتەوە بەڵام ئەوەی کە لە کەرکوک بینرا پێچەوانەی هەوڵەکەی بوو و یەکێتی بووە دەنگی یەکەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک.

ئێستا لاهور شێخ جەنگی تەنیا بیانووی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی بە دەستەوە ماوە و ئەویش لە لایەن بافڵ تاڵەبانییەوە پووچەڵ دەکرێتەوە و دوایین بزمار لە تابوتی سیاسیی ئەو دەدرێت و بە فەرمی وەک سیاسییەک کۆتایی دێت.