مەسرور بارزانی، شکست لە دوای شکست

ناڕەزایەتییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سەر شێوازی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی، هەڵبژاردنیان دواخست، بەڵام هیچكام لە داواكارییەكانی جێبەجێنەكرا.

پارتی و مەسرور بارزانی، لە دوای بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی تایبەت بە (تەوتین لە ڕێی بانكە فیدراڵییەكان و سەرپەرشتی هەڵبژاردن لە لایەن كۆمسیۆنی عێراقەوە) بەردەوام هێرشیان دەكردە سەر دادگای فیدراڵی و دەیانوت “بەشداری هەڵبژاردنێك ناكەین كە پێشتر (دیزاین) كراوە و ئەنجامەكانی یەكلاییكراوەتەوە”.

ڕۆژی 6ی 5 ی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم، دوای ئەو هەموو هێرش و پەلاماردانەی دەیكردە سەر دادگای فیدراڵی و بە “دادگای نادەستوری، لیژنەی سیاسی، مەحكەمەی سەورە” تۆمەتباری دەكرد، لە ڕێی سكاڵایەكەوە ناچاربوو دان بە “دەستورییبوون و شەرعیبون” ی دادگای فیدراڵییدا بنێت .

سكاڵاكەی مەسرور بارزانی لە سەر كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان بوو، كە تێیدا داوایكردبوو:

یەكەم: هەرێمی كوردستان یەك بازنەی هەڵبژاردن بێت .

دووەم: یانزە كورسییەكەی كەمینەكان بگەڕێتەوە.

بەڵام دواجار ڕۆژی سێ شەممە 21 ی 5 ی 2024، دادگای فیدراڵی سكاڵاكەی مەسرور بارزانی ڕەتكردەوە و كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانیش ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستانی بۆ 95 كورسیی گشتیی كەمكردەوە.

پێشتر دادگای فیدراڵیی ژمارەی كورسییەكانی لە 111 كورسییەوە بۆ 100 كورسی كەمكردبوەوە، لە دوایین بڕیاری دەستەی دادوەری كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمان بۆ 95 كورسی كەمكرایەوە و پێنج كورسی لەو 100 كورسییەی پێشتر دادگا بڕیاری لێدابوو، بەخشرا بە كەمینەكان .

ئامانجی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەوەبوو كە وادەی كۆمسیۆن بەسەربچێت و سەرۆكی هەرێم لێژنەیەك لە دادوەرانی هەرێمی كوردستان پێكبهێنێت كە سەرپەرشتی هەڵبژاردن بكەن.

بەڵام دواجار ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یاسای كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراقی هەمواركردەوە و تەمەنی كۆمسیۆنەكەی بۆ ماوەی شەش مانگ واتە تا ناوەڕاستی مانگی كانونی دووەمی ساڵی 2025 درێژكردەوە.

بەمەش ئەو پلانەی پارتی سەرینەگرت و هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە لایەن كۆمسیۆنی عێراقەوە سەرپەرشتی دەكرێت .