مەلای مووچەخۆر باسی تورکیاش بکە
ئامانجی پارتی ئەوەیە کە لە ڕێگەی مەلا مووچەخۆرەکانەوە و لە مینبەری مزگەوتەکانەوە خەڵک لە دژی ئێران هان بدات.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە پارتی لەوەدا شکستی هێنا خەڵک لە دژی ئێران بڕژێنێتە سەر شەقامەکان و لە ڕێکخستنی خۆپێشاندانی گەورە لە هەولێر شکستی هێنا و ئەوەش لە هەندێک شوێنی وەک دهۆک بینراوە، قوتابییەکان و فەرمانبەران و پێشمەرگەکان و ئەندامانی لق و ناوچەکانی پارتی بوون و خەڵکی ئاساییان تێدا نەبووە.
وەزارەتی ئەوقافی ژێر دەسەڵاتی پارتی بە فشار داوای لە مامۆستایانی ئائینی کردبوو لە وتاری هەنیدا سەرکۆنەی هێرشەکەی ئێران بکەن. ئەوەی بینرا تەنیا چەند مەلایەکی مووچەخۆری وەک مەلا بەشیر فەرمانەکەی وەزارەتی ئەوقاف و پارتییان جێبەجێ کرد.
بە پێی ئامارێکی فەرمی، لە ساڵی 2023 دا تورکیا 540 جار هێرشی کردووەتە سەر ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان و ئێران تەنیا 3 جار هێرشی کردووە. ئەی مەلای مووچەخۆر بۆ باسی تورکیا ناکەیت؟ ئایا کەس لە هێرشەکانی تورکیادا نەکوژراون؟ ئا بەم سیاسەتەوە دەتانەوێت خەڵک لە دژی ئێران هان بدەن؟ خەڵک خۆیان باشتر ڕاستییەکان دەزانن و بە ئێوە فریو نادرێن.