بارەگایەکی نایاسایی
مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیمۆکراتی کوردستان هەمیشە باس سەروەری یاسا دەکات بەڵام بارەگاکەی یاسایی نییە. وەک مەرجەعێکی نەتەوەیی دایانناوە بەڵام تەواو لە خزمەتی پارتیدایە.
بارەگای بارزانی لە سەرو هەرێمی کوردستانەوە سەیری دەکرێت. مێژووەکەی ئەم بارەگایە بۆ سەردەمی شۆڕشی ئەیلول دەگەڕێتەوە، ئەو کات مەلا مستەفا بارزانی بە هۆی کێشەکانی لە گەڵ مەکتەبی سیاسی حیزبەکەیەوە بەیاننامە و بڕیارەکانی بە ناوی بارەگای بارزانییەوە دەردەکرد و ناوی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی پێوە نەبوو. ئەو بارەگایە لە کۆنگرەی هەشتەم لە ساڵی 1970 هەر یەک لە ئیدریس و مەسعود بارزانی کران بە ئەندام تێیدا و ساڵی 1975 و دوای ئاشبەتاڵ بارەگاکە بوونی نەما.
مەسعود بارزانی لە ساڵی 2019 ئەو بارەگایەی دامەزراندەوە و لە سەر ڕووداوە سیاسی و جۆربەجۆرەکانی کوردستان بە ناوی بارەگاکەوە قسە دەکات بەڵام بارەگا بە نایاسایی دادەنرێت و داوای داخستنی دەکرێت.
مسعود بارزانی بەردەوام باسی سەروەری یاسا لە هەرێمی کوردستان دەکات بەڵام ناوی بارەگا لە هیچ یاسایەکدا نەهاتووە و بە کردەوەش بووەتە دامەزراوەیەکی هاوتەریب لە گەڵ دامودەزگا یاساییەکانی دیکە و تەنانەت لە زۆربەی بابەتەکاندا قسەی کۆتایی دەکات، داوا کراوە ناوی بکرێتە بارەگای سەرۆکی پارتی.
بارەگای بارزانی بەم فۆرمەی ئێستای هەم دامەزراوەیەکی نایاساییە و هەروەها دەورێکی نییە کە وەک مەرجەعی شێعەکانی عێراق لە بابەتە نەتەوەییەکاندا چاوپۆشی لە جیاوازییە سیاسی و حیزبییەکاندا بکات بەڵکوو بەرگری و لایەنگری پارتی بە هەموو بەیاننامەیەک و سیاسەتێکیەوە دەبینرێت.
ئەم دامەزراوە وا فەرز کراوە کە ڕۆڵی مەرجەعی نەتەوەیی دەبینێت، لە کاتێکدا کە بارەگا و هەموو ئیمکانیاتێکی خراوەتە خزمەتی پارتییەوە.
بارەگای بارزانی لە ڕووی ئەمنی و سەربازییەوە کراوەتە هێڵی سوور و هەر گوفتار و کردارێک کە لە دژی ئەم مەرجەعیەتەی بارەگا بێت بەوە وێنا دەکرێت کە ئەوە مەترسی و پیلانە لە دژی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان، هەر بۆیە دەبێت یان دابخرێت یان بکرێتە بارەگای سەرۆکی پارتی.
بارەگای بارزانی نیشتمانی نییە و نوێنەرایەتی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان ناکات و دیوەخانێکی سیاسی – کۆمەڵایەتییە کە پەیوەندییەکانی مەسعود بارزانی دەبەستێتەوە بە حیزب و سەرکردە کوردستانی و عێراقی و وڵاتانی ناوچەکە و جیهانەوە.