پارتی و یەکێتی و گاڵتەکردن بە عەقڵی خەڵک
ئەم دوو حیزبە ڕۆژێک لە کۆبوونەوەکاندا پێدەکەنن و باس لە کاری پێکەوەیی و هاوبەشی و ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان دەکەن و ڕۆژێک لە کۆبوونەوەکاندا دەبێتە شەڕیان و میدیاکانیان بۆ چەواشەکردنی ڕای خەڵک بەر دەدەنە گیانی یەک و ئەوەی شیاو و نەشیاو بێت بە یەکتری دەڵێن. بەم حاڵەوە و بەم هەموو شەڕ و جنێوفرۆشتنەوە دیسانەوە کۆدەبنەوە و باس لە ڕێکەوتن دەکەن.
کۆبوونەوەکەی ئەم دواییەی مەکتەب سیاسی پارتی و یەکێتی و توڕەبوونەکەی بافڵ تاڵەبانی لای خەڵک ماوەتەوە و دەزانن سەرۆکی یەکێتی چی لەو ڕۆژەدا بە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن وت، ئەوەشیان لە بیر ماوە کە چۆن سێ بارزانییەکە ئامادە نەبوون پێشوازی لە سەرۆکی یەکێتی بکەن.
دیسانەوە بەم حاڵەی پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی و لە کاتێکدا کە لە وەزارەتی پێشمەرگە لە شەڕ و پێکدادانی سەربازی نزیک بوونەتەوە و هەموو پەیوەندییەکانیان پچڕاندووە، لە سلێمانی کۆبوونەوە و ئێستا پاش زیاتر لە چوار ساڵ و بەو هەموو ناکۆکی و شەڕ و ململانێیەی تاڵەبانییەکان لە گەڵ مەسرور بارزانی، پارتی و یەکێتی لەوپەڕی بێ شەرمیدا دەڵێن ڕێکەوتووین لە سەر ئەوەی کە ڕێکەوتنی پێکهێنانی کابینەی نۆیەم بکەینە بنەمایەک و ناکۆکییە بچووکەکان وەلاوە بنێین و هەنگاو بەرەو چارەسەر بنێین.
کۆبوونەوەکەی پارتی و یەکێتی لە کاتێکدایە کە پەیوەندییەکانیان لە کەرکوک ماڵی کوردی بە تەواوی ڕووخاندووە و خەریکە بە فەرمی و یاسایی کوردبوون لەو شارە گرنگەدا دەکاتە خەون و خەیاڵ. ئەم دوو حیزب و بنەماڵەیە پێکەوەن، هاوبەشی و بەرژەوەندییان پێکەوە هەیە، پەیوەندی باش و خەراپ و ئاشتی و شەڕیان هەمووی سیناریۆیە و تەنیا خەڵک چەواشە دەکەن. ئەم خەڵکە چۆن وەڵامی ئەم بێڕێزی و چەواشەکارییە دەدەنەوە؟ هەڵبژاردنەکان باشترین دەرفەتە بۆ لادانی پارتی و یەکێتی لە دەسەڵات. بۆ گەیشتنی چینی نوخبە و خزمەتکاری کوردستان بە دەسەڵات و مسۆگەرکردنی ئاسوودەیی خەڵک. بۆ ڕزگاربوون لە زوڵمی پارتی و یەکێتی و ئەو کەشە ئەمنییەی باڵی بە سەر هەرێمی کوردستاندا کێشاوە. کۆتایی ئەم دەسەڵاتە نزیک بووەتەوە.