جیهان نەبینی / بەختیار عەلی

واقعی سیاسی لە کوردستان لە دوای راپەرینەوە جگە لە مەکینەیەکی گەورە بۆ سەوزکردنی خەونی درۆ و بەلارێدا بردنی عەقڵ و دروستکردنی خورافات هیچی تر نەبووە، وەهمی ڕیفراندۆم چڵەپۆپەی گەیشتنی ئەو دونیا وەهمییە بوو کە ناوی سیاسەتی کوردییە بە ترۆپکی خۆی.

ئەوەی کە ئێستا ڕوودەدات تەواوکردنی مێژوویەکی پێشینی پڕ خورافاتە. فاشیزم بەبێ خورافات و بەرهەمهێنانی وەهم ئیش ناکات، ئەوانەی خوارافاتی سیاسی بەرهەمدەهێنن بەشێکن لە دروستکردنی ئەم ڕۆژە، خورافەتی ڕیفراندۆم درێژکراوەی زنجیرەیەک خورافاتی تر بوو، کە هەموویان پێکڕا لێرەن و عەقلی سیاسی کورد بە چەپ و ڕاستییەوە، بە لیبراڵ و کۆنزەرڤاتیڤەوە ناتوانن لێی دەربچن.

لە ڕاستیدا واقعی کوردی چەندە بەدەست کۆمەڵێک سیاسی گەمژە و بە دەست گاڕانێکی فاشیستی نەخوێندەوارەوە دەناڵێنێت، هێندەش بە دەست خودی عەقلی سیاسی کوردییەوە، بەدەست زاراوە و چەمکەکان و ناونانەکانی ناو ئەم سیستمەوە دەناڵێنێت.

گەورەترین خورافەت لەو پنتەوە دەست پێدەکات، کاتێک ئێمە بەم قەبیلە سیاسی و فاشیستیانەی ناو کۆمەڵگا دەڵێین حیزب. وەهمی هەبوونی حیزب کە لە ئێستادا ترۆپکی قەیرانی خۆی دەژی، لە پشت چەندەها زنجیرەی تری وەهمەوەیە کە بونیادی جیهان نەبینی ئێمە دروستدەکەن.

وەک لە چەندین نوسینی تردا ئاماژەم بۆ کردوە، لەگەڵ دەستپێکردنی شەری ناوخۆدا، حیزب وەک دەزگا لە کوردستان بەر لەوەی دروست ببێت کۆتایی هات، لەسەردەمی خەباتی چەکداردا و بە هۆی هەلومەرجەکانی خەباتەوە سەرانی سیاسی خۆیان لەوە دزی بووەوە کە فۆرمێکی مەدەنی بدەنە هێزەکانیان، بەڵام دوای ڕاپەرین و جەنگی برا فاشیستییەکان لە شەری ناوخۆدا، تەنیا چەند هەیئەتێکی ئەرستۆکراتی دابراو ئەو جەستە ئیفلیج و کۆیلانەیان برد بەرێوە کە ناوی حیزبە و لەدەرەوەی ئەوان حیزب بوونی نەما.

ئەوەی پێیدەگووترێت حیزب دەزگایەکی دەسەڵاتخوازی ئەمنی ئیعلامییە کە ئۆرگانەکانی ژێرەوەی کاریان نەماوە و جگە لە کاری ئەمنی و سەربازی و جاسوسی وەزیفەیەکیان نییە. حیزب لە پێکهاتە دروستەکەیدا تەنیا فۆرمێکی دەسەڵات نییە، بەڵکو دەبێت فۆرمێکی جیهانبینیش بێت، واتە ڕونینێکی بۆ کۆمەڵگا و پاشەرۆژ و بابەتە گەورەکانی هەبێت.

«١»

حیزب یەک مانای هەیە ئەویش کۆکردنەوەی هێز بۆ گۆرینی کۆمەڵگا لە ڕێگای تێڕوانینێکی هوشیارەوە بۆ کێشەکانی. حیزب دەتوانێت ئایدۆلۆژیای نەبێت، بەڵام ناتوانێت بێ فیکر بێت، حیزبی نائایدۆلۆژی ئەرکی لە حیزبی ئایدۆلۆژی سەختترە، بەوەی دەبێت بەردەوام فیکر و بۆچوون و تێڕوانینی هوشیارانە بەرهەمبهێنت.

حیزبی سیاسی بە مانا گشتییەکەی (نەک مانا کوردییەکەی) دەزگایەکی دروستکردنی هوشیارییە کە لەسەر گەیاندنی هوشیاریی ئیشدەکات، لەسەر بنەمای وردبینی و هەبوونی زانیاریی و بەپێی جیهانبینییەکی دیاریکراو دادەمەزرێت کە مەبەستی گۆڕانکاریی پلان بۆ کراو و بەرنامەڕێژە، بەڵام گەر دەزگایەک تەنیا کەرەستەی خرۆشاندنی عاتیفی و بەهێزکردنی گیانی جەنگجویی و ئاگردانی گیانی شەڕانگیزی بێت لەوە دەکەوێت حیزب بێت و دەبێتە جۆرە خۆڕێکخستنێی فاشیستی کە جگە لە گەورەکردن و فووکردنە هەستی خۆی بە دەسەڵات، ستراتیژی تری نییە.

«٢»

هەموو هێزە کوردییەکان بەر لەوەی ئیش لەسەر فیکر و کۆمەڵگا بکەن بێئەوەی هیچ تەفسیرێکی تیوری و زانستیان بۆ دۆخی مێژووی هەبێت، بە دروشمی گەورە گەورە و بە ختوکەدانی عاتیفە و بە جوڵاندنی حەماسەت، بە خرۆشاندنی ڕق لە دژی هەموو هێزەکانی تر، بە تیرۆر و لێدان و بەلاوەنان و بێدەنگکردن، بە شەڕهێنانە ناو ماڵی کورد خۆی، بە دەرکردنی لیستێک بۆ چاکان و خراپان، بۆ خائینان و نیشتیمانپەروەران دەست پێدەکەن و درێژە بە مێژووی خۆیان دەدەن، کێشەکەیان بەر لەهەر شت دیاریکردنی فۆرمی دەسەڵاتی خۆیانە نەوەک فۆرمی کۆمەڵگا… لە مێژووی سەدەی بیستی کورددا هەتا یەک هێزیشمان نییە لەم شێوەیە دەربازیبووبێت، ئەوانەی چاو لەو ڕاستییە دادەخەن و ئەم بۆچوونە بە تەعمیم و گشتگیری دەبینن هەواداری کوێری ئەو هێزانەن کە نایانەوێت ئاوێنەکە بگرن بە دەستەوە و دەموچاوی ڕاستەقینەی خۆیان ببینن.

وتاری “جیهان نەبینی”

زنجیرەگووتارێک دەربارەی «ڕیشەکانی تێنەگەیشتن لە دونیا».