تەسفییەی ناوخۆیی لە پارتی

نوێترین تەسفیەى حساباتى ناوخۆی پەدەکە، تەقینەوەى بۆمبێکی لکێندراو بوو بە ئۆتۆمبێلی بەرپرسی لقی ٢٢ی گەرمیان دا، ئەم ڕووداوە دوای شەڕو پەلاماردانى دەستە و یەخەی ئەندام و کادرانى پەدەکە هات لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانى لە سنووری گەرمیان و لقی ٢٢، ئەم شەڕو ناکۆکییانەش لەنێوان باڵەکانى ئەو پارتەدا ڕوویدا و کاتێک ئەنجامەکانى هەڵبژاردنەکە لەبەرژەوەندی باڵی نێچیرڤان بارزانى کۆتایی هات کە بە دڵی باڵی مەسرور بارزانى نەبوو.

مانگی ڕابردووش تەرمی لیوا موحسین ڕەشید لە ماڵەکەی خۆیدا دۆزرایەوە لەکاتێکدا تەنیا لە ماڵەکەی خۆیدا بووە، هاوژین و کەسوکارەکەی ئەوەیان ڕاگەیاندوە، کە لیوا موحسین هیچ کیشەیەکی کۆمەڵایەتى و دەروونى و کەسی نەبووە، ئەوەش گوومانەکانی لەناوخۆی پەدەکە لەسەر پاراستن زیاتر کردوە.

پرسی سووتاندنى بازاڕەکانى هەولێرو دهۆک ململانیی سەرمایەگوزاریی باڵەکانى ناو پەدەکە بوو کە هەر ڕۆژە و بازاڕێکیان دەسووتاند و بۆ ئەوەی زەوی و دووکانی ئەو بازاڕانە بۆ خۆیان قۆرخ بکەن، بەڵام کاتێک بکەری ئەو ڕووداوانە دەرکەوت لە خۆیانە، شانۆگەریەکی ساختەیان داڕشت و ئەو ڕووداوانەیان خستە ئەستۆی پەکەکە و یەنەکە.

ئێستا لەناو پەدەکەدا سێ باڵی سەرەکی هەیە، ئەوانیش باڵی یەکەم مەسعود بارزانی و مستەفا بارزانى و وەیسی کوڕی، دووەم مەسرور بارزانى، سێیەم نێچیرڤان بارزانى، ناکۆکی نێوان ئەو سێ باڵە وایکردوە، پاراستن هەڵمەتێکی کوشتن و ڕفاندن و تەقینەوەى ئۆتۆمبێلی ژمارەیەک بەرپرسی حزبی و سەربازی دەستپێکردوە.

هەر لە چوارچێوەى تەسفییەکانى ناو پەدەکە، بەپێی زانیارییەکانى ڕۆژنیوز، لە مانگی ڕابردووەوە تا ئێستا ژمارەیەک بەرپرسی حزبی و سەربازی پەدەکە لەلایەن خودی دەزگای پاراستنەوە ڕفێندراون و تائێستا چارەنووسیان نادیارە.

هەر لەمساڵدا ئەمە چوارەم بەرپرسی پەدەکە کە بەشێوەیەکى گوماناویی و لە ماڵەکەی خۆیاندا یان لە هۆتێل و ئۆتۆمبێلەکانیاندا دەکوژرێن و هیچ دامەزراوەیەکی حکومەت و بەتایبەت ئەنجومەنى ئاسایشی بەناو هەرێم ڕاگەیەندراوێکیان لەسەر بڵاونەکردەوە.

لەم دواییانەشدا لە سنووری سلێمانى ژمارەیەک بەرپرسی ئەو پارتە لەلایەن پاراستنەوە ڕفێندرابوون، کە سەر بە باڵی نێچیرڤان بارزانى بوون، بەڵام دواتر لەژێر فشاری ئەودا ئەو بەرپرس و کادرانە ئازاد کران.