ئەوەی پارتی بە سەری گۆڕانیدا هێنا
گۆڕان بەشێکی زۆری خەڵکی هەرێمی کوردستان و دەنگە ناڕازییەکانی لە دەوری خۆی کۆکردەوە. نەوشیروان مستەفا گۆڕینی دەسەڵات و حکومڕانی هەرێمی کوردستانی وەک ستراتیژی بزوتنەوەکەی ڕاگەیاند.
بە مردنی نەوشیروان مستەفا، گۆڕانیش لاواز بوو. نەبوونی سەرکردەیەکی کارێزمای وەک نەوشیروان مستەفا وایکرد کە گۆڕان لە ماوەیەکی زۆر کەمدا پشت لە ئامانج و بنەماکانی خۆی بکات.
گۆڕانی پاش نەوشیروان مستەفا لە بزوتنەوەیەکی گۆڕانخوازەوە بووە هاوڕێ و هاوبەشی پارتی دیمۆکراتی کوردستان لە حکومەتی هەرێم. لە ڕاستیدا پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەت لە کابینەی هەشتەم و نۆیەم پیلانەکەی خۆیی لە دژی گۆڕان جێبەجێ کرد. ئەو پیلانەی کە ئامانج و ناوەڕۆکەکەی لەناوبردنی بزوتنەوەی گۆڕان بوو.
بەشداری گۆڕان لە کابینەی حکومەتی هەرێم سەرکردایەتی ئەو بزوتنەوەی کردە چەندین بەشەوە. بە لای نەیارەکانی پارتی لە گۆڕاندا زۆر قورس بوو کە بزوتنەوەکەیان ببێتە بەشیک لەو دەسەڵاتەی ساڵانێک نەوشیروان مستەفا بەڵێنی گۆڕینی دابوو.
جگە لە ناکۆکی نێوان سەرکردەکان، ئەندامان و لایەنگرانی گۆڕانیش بە هۆی پارتییەوە پشتیان لە بزوتنەوەکە کرد و پۆل پۆل جیابوونەوەی خۆیان ڕاگەیاند. ئەوانەشیان لە ناو بزوتنەوەکەدا مانەوە، بە هۆی بەشداری گۆڕان لە حکومەتی هەرێمدا سزایان دا و لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2021 ی پەرلەمانی عێراق دەنگیان بە کاندیدەکانی نەدا و گۆڕان بەو بۆنەوە هیچ کورسییەکی لە بەغدا بە دەست نەهێنا.
پاش دەسدرێژی هێزەکانی ئاسایشی پارتی بۆ سەر ئەندامیکی گۆڕان لە هەولێر، پەیوەندییەکانی هەر دوو لا ڕاگیراوە. ڕەنگە گۆڕان و سەرکردەکانی بەو ڕاستییە گەیشتبن کە ئەوەی بە سەریاندا هاتووە، پیلانێکی پارتی و بارزانییەکان بووە بۆ لەناوبردنی گەورەترین هێزی ئۆپۆزسیۆنی هەرێمی کوردستان.