700 ملیارەکە بەرپرسانی حکومەتیشی بێزار کردووە

لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوو دەستەواژەیەک هاتە نێو میدیاکان و خەڵک و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئەویش ئەو 700 ملیار دینارەیە کە هەر جارێک لە لایەن حکومەتی عێراقەوە وەک قەرز و بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران بە حکومەتی هەرێم دەدرا.

 

700 ملیار دینارەکە ئەوەندە لە میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بووەتەوە کە خەڵک و بینەر و خوێنەری بە تەواوی بێزار کردووە. ڕۆژێک 700 ملیارەکە دەهات و ڕۆژی دواتر هەواڵی نەهاتنی بڵاو دەکرایەوە، هەواڵی دواکەوتنی، هەواڵی ڕێگرییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق و پابەندنەبوونی حکومەتی هەرێم، هەر هەمووی وای لە بینەر و خوێنەری کورد کردووە کە هەستیارییەکی بەرامبەر بە ناوی 700 ملیار و مووچە هەبێت.

کاربەدەستانی حکومەتی هەرێم کە دەزانن بۆ چارەسەرکردنی مووچە هیچیان پێناکرێت پەنا بۆ هەندێک کاری دیکە دەبەن بۆ ئەوەی سەرنجی خەڵک لەم قەیرانە داراییە بە تایبەت مووچە نەهێڵن، بۆ نموونە، هەرزانکردنی نان، ئەو هەواڵەی کە نەبووە هۆی دڵخۆشکردنی خەڵک.

ئێستا کارەکە گەیشتووەتە ئەوەی کە شاندەکەی حکومەتی هەرێم دیسانەوە بۆ پرسی مووچە و بودجە چوونەتەوە بەغدا بەڵام هیچ ئاسۆیەک بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە جەندین ساڵەیە بەدی ناکرێت، ئەوەیە کە بەرپرسانی باڵای هەرێم خۆیانیش بێزار بوون و دەڵێن دەبێت کۆتایی بە هات و نەهاتی 700 ملیارەکە بێنین.