6 هەزار هێرشی تورکیا و بێدەنگی بارزانییەکان!

لە ماوەی 5 ساڵ و شەش مانگدا تورکیا 6 هەزار و 58 هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر هەرێمی کوردستان. لە ساڵی 2018 تا 2022 هێرشەکانی تورکیا بە ڕێژەی 299% زیادی کردووە کەچی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان یان بارزانییەکان بێدەنگییان هەڵبژاردووە و تا ئێستا بە ڕاگەێندراوێکی بێ ناوەڕۆکیش سەرکۆنەی هێرشەکانی تورکیای هاوپەیمانیان نەکردووە.

تورکیا لە ساڵی 2018 هێرشە ئاسمانییەکانی 512 جار بووە، لە ساڵی 2019 بە هەمان شێوە 672 جار هێرشی کردووەتە سەر هەرێمی کوردستان. ساڵی 2020 ژمارەی هێرشەکانی تورکیا گەیشتە 832 هێرش و لە ساڵی 2021 ئەم هێرشانە بۆ هەزار و 333 هێرش بەرز بوویەوە و لە ئاکامدا ئامارەکان دەڵێن کە لە ساڵی 2022 تورکیا 2 هەزار و 44 هێرشی کردووە. لە شەش مانگەی یەکەمی ساڵی 2023 ژمارەی هێرشەکان 665 هێرشی ئاسمانی بووە.

تا دێت ئامار و ژمارەی هێرشە ئاسمانی و درۆنییەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان ڕوو لە هەڵکشان دەکات. بە پێی ئامارەکان، لە سەرەتای ساڵی 2018 ەوە تا نیوەی یەکەمی ساڵی 2023 ژمارەی هێرشە ئاسمانییەکان گەیشتووەتە 6 هەزار و 58 هێرش و لە ساڵی 2018 تا کۆتایی 2022، هێرشەکان بە ژمارە لە 512 هێرشەوە بۆ 2 هەزار و 44 هێرش بەرز بووەتەوە کە ئەم ئامارەش پێمان دەڵێت هێرشەکان بە ڕێژەی 299% زیادی کردووە.

هێرشەکانی تورکیا لە ئێستادا جیاوازییەکی دیکەیان هەیە کە تەنیا لە ناوچە سنورییەکاندا نییە و قووڵایی خاکی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە.

ئامارەکان ناوچە کوردنشینەکانی سوریاش دەگرێتەوە. پارتی و بارزانییەکان دژی هەسەدەش هاوکاری تورکیا دەکەن.

ئەوەی کە بووەتە جێی سەرسوڕمانی خەڵک و لایەنە سیاسییەکان، ئەوەیە کە پارتی و بنەماڵەی بارزانی وەک دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان هیچ کاردانەوەیەکیان لە بەرامبەر ئەم هەموو هێرش و دەسدرێژییەی تورکیا نەبووە. بە تێڕوانینی خەڵک، پارتی و بارزانییەکان تەنانەت هاندەر و ڕێخۆشکەری هێرشەکانیش بوون و بۆ هاوکاریکردنی تورکیا لە شەڕی دژ بە پەکەکە زیاتر لە سوپای تورک ڕۆڵیان بینیوە.

ناکرێت تۆ خۆت بە حکومەت بزانیت و خاکەکەت بە شەو و ڕۆژ پێشێل بکرێت و هێرشی سەربازی و ئاسمانی و درۆنیی تێدا بکرێت و هیچ کاردانەوە و وەڵامێکت نەبێت.