33 ساڵ حوکمڕانی شکستخواردوو

تەمەنی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان بۆتە ٣٢ ساڵ واتە لە ساوایی دەرچونە، بەڵام لە شێوە و هزر کەمئەندامن ( داون سندرۆم). چونکە قسە و کار و رەفتارەکانیان هی حکومەتداری نین: گواستنەوەی سیستەمی بنەماڵەیی لە حیزبەوە بۆ حکومەت وخەڵک. ئەمەش نیشانەی هەنگاونانە بۆ دواوە.

ناپاکی بەو رادەیە گەییوە، هیچ شەرمێک نەماوە لە راکێشانی دەستی دوژمن بۆ سەر برا و نیشتمان. تەخویندکردنی یەکتر قسەی خۆیانە نەک ئەم و ئەو، حاڵی کەرکوک و کەرکوکیەکان، گوندەکانی بادینان، ئاوارەکانی کوردانی ئێران، دژایەتی باکور و رۆژئاوا نمونەی ئەو ناپاکیانەن.

کردنەوەی نوێنەرایەتی حیزب لە تورکیا لە کاتێکدا ، ئەو دەوڵەتە دان بە حکومەتی هەرێمی دانپێدانراو لە دەستوری عێراق نانێت، دژ بە پرسی کوردستانە و سوکایەتی پێدەکات نەک هەر دژ بە هەمو بنەماکانی کاری دیبلۆماسیە بەڵکە نیشانەی خۆبەکەمزانینە.

شەڕەکانی ناوخۆ، یەکنەگرتنی هێزی پم کوردستان، مانەوەی هێزی حیزبی و کەسی و بنەماڵە درێژەدانە بەو دوبەرەکیەی لە ١٩٦٦ بناغەی دانرا.

دروستکردنی دوژمنی وەهمی و بونی هەڕەشە لەسەر هەرێم بۆ گەوجاندنی میللەت. لەم بارەوە جێی ئەوەیە بپرسین، کێ هەرێم دەپارێزێ؟ دەسەڵاتەکانی هەرێم یان ئەو هێزەی پێی دەڵێن ئەمریکا؟ پێشتر کەرکوک دەریخست کە چەند دەتوانن هەرێم بپارێزن ئەگەر بە کردەیی بکەوێتە بەر هەڕەشە. بۆیە لەم بارەوە منەتکردن بەسەر میللەتدا جێیخۆی ناگرێ .

کارەبا، ئاو، رێگاوبان، باجی زۆر ….تا دەگاتە موچە لە خەڵکەوە دیارە.

ئابوری سەربەخۆ و خستنی هەرێم بۆ سەر نەخشەی وزەی جیهانی نیشانەی کورتبینی و نەفامی سیاسیانەی ئەم دەسەڵاتانەیە.

لەم هەرێمە بە گشتی و لە هەولێر بە دیاریکراوی، وەک بەشێ لەهەولێریەکان دەڵێن ” ئازادین لە ماڵەوە چۆن بیردەکەینەوە، بەڵام ئازادنین لە رادەربڕین” .

لە نووسینی مەلافەرمان