31 ی ئاب، ڕۆژی تاقیکردنەوەی چەکەکانی بەعس لە گیانی خەڵکی کوردستان

پەرلەمانی کوردستان کە یەکەم ئەزموونی دیمۆکراسی کوردستان بوو و ئەنجامی دەنگی نزیکەی یەک ملیۆن دەنگدەر لە ساڵی 1992 بوو، لە لایەن پارتییەوە لە 31 ی ئابی 1996 شکۆی شکێندرا و بووە گەراجی دەبابەکانی بەعس.

هاتنی دەبابەکانی سوپای بەعس بۆ ناو باڵەخانەی پەرلەمان شەرعییەتدان بوو بە تاوانەکانی ئەنفال و کیمیاباران لە لایەن پارتییەوە.

پارتی هەموو کات سیاسەتی چەوتی ئەگەر پێم چاک نەکرێت، پێم خەراپ دەکرێت، پەیرەو دەکات و کوردایەتی لای پارتی مانەوەی حیزبەکەیەتی و لەو پێناوەشدا شەرمی نییە و خیانەتەکانی بە دەسکەوت دەزانێت.

پارتی لە ئێستادا نایەوێت لە گەڵ حکومەتی بەغدا بۆ مووچەی خەڵک و بودجەی کوردستان ڕێکبکەوێت بەڵام لە گەڵ ڕژێمی سەدام وەک ئەنجامدەری تاوانەکانی ئەنفال و کیمیابارانی کورد گەیشتە ڕێکەوتن و ئەو کارەشی شەرعییەتدان بوو بەو هەموو تاوانە کە بەعس لە کوردستان کردوویەتی.

31 ی ئاب یەکێکە لە ڕۆژە ڕەشەکانی تۆماری مێژووی کورد لە هەرێمی کوردستان کە پارتی جێبەجێی کردووە. لەو ڕۆژەدا 400 دەبابە و دەیان زرێپۆش و چەندین کەتیبەی تۆپخانە و کاتیوشا و هاوەن و کۆپتەر و چەکە بەهێز و کاریگەرەکانی ڕژێمی بەعس بە هاوکاری پارتی لە گیانی خەڵکی کوردستان تاقیکرانەوە و بینای پەرلەمانی کوردستانیان داگیر کرد.

پارتی لە 31 ی ئابدا ئەزموونی دیمۆکراسی کوردستانی خستە ژێر پێی دەبابەکانی ڕژێمی بەعس و بەو جۆرە خیانەتێکی گەورەی لە دژی گەلی کورد تۆمار کرد کە مێژوو ئەو خیانەتە لە بیر ناکات.