31 ی ئاب، خیانەتێک پڕ بە باڵای پارتی دیمۆکراتی کوردستان
کاتێک کە شەڕی ناوخۆیی نێوان پارتی و یەکێتی گەیشتە لوتکە، پارتی دیمۆکراتی کوردستان بۆ بەلاداخستنی شەڕەکە لە بەرژەوەندی خۆی، پەنای بردە سوپای بەعس و بە هاوکاری ئەو سوپایە هەولێر و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی خستە ژێر دەستی خۆیەوە.
شەوی 31 ی ئابی ساڵی 1996، هێزەکانی گاردی کۆماری تۆپبارانی ناوچەی قوشتەپەی نزیک لە هەولێریان کرد کە ئەوەش سەرەتای دەستپێکردنی هێرشە بەرفراوانەکە بوو، هاوکات بە پێی لێدوانی ڕاگەیاندنەکانی یەکێتی، هەر دوو فەیلەقی یەک و پێنجی گاردی کۆماری و هێزی ئاسمانیی عێراق لە شەڕەکەدا بەشدار بوون. تانکەکانی گاردی کۆماری بەغداش کە بە هێزەکانی عەدنانی گاردی کۆماری ناسرابوون، بەشداربوون. ئەوەش سەرەڕای ئەوەی کە کۆپتەری جەنگی بۆردومانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی دەکرا.
هێرشەکە بە شێوەیەک پلانی بۆ داڕێژرابوو کە لە هەموو لایەکەوە پەلاماری هێزەکانی یەکێتی بدرێت و تەنیا ڕێگەیەکیان بۆ بکرێتەوە تا لێی دەرباز بن کە ئەو ڕێگەیەش باداوە بوو بە ڕووی دەشتی کۆیەدا.
ڕژێمی بەعس لە چەند قۆڵێکەوە هێرشەکەی ئەنجامدا. قۆڵی یەکەم، لە جادەی سەرەکی هەولێر بە ڕووی ئۆردۆگای قوشتەپەدا، لەوێوە بەرەو باکوری هەولێر و ئۆردۆگای کەسنەزان و دارەتوو. قۆڵی دووەم، لە ڕێگەی دیبەگەوە بەرەو ناو شاری هەولێر. قۆڵی سێهەم، لە گوێرەوە بەرەو کانی قرژاڵە و دواتر ناو هەولێر. قۆڵی چوارەم، بە دوو ئاراستەدا بوو، یەکەمیان لە جادەی موسڵەوە بەرەو ناو شاری هەولێر و ئارستەی دووەم لە هەمان ڕێگەوە بەرەو پشتی عەنکاوە.
پاش تەنیا شەو و ڕۆژێک هێزەکانی بەعس توانییان هەولێر و دەوروەری بگرن و هێزەکانی پارتی دیمۆکراتی کوردستان بە بێ تەقە بێنەوە ناو هەولێر.
لە 31 ی ئاب پەرلەمانی کوردستان ناونرابوو گەراجی دەبابە، هاوکات کوڕ ئەو کوڕە بوو کە تاڵانی بکات.
بە پێی چەند بەڵگەیەکی نهێنی، دەزگای گشتی هەواڵگری سەربازی عێراق کە ئاراستەی سەرۆکایەتی کۆماری ئەو کاتەیان کردەوە، تێیدا ئاماژە بە چەند خاڵێک دەکات لە ماوەی شەڕی نێوان پارتی و یەکێتی لە ڕۆژی 31 ی ئابدا و ئەوەش دەخاتەڕوو کە چەکدارەکانی مەسعود بارزانی دەستیان بە سەر و ماڵ و کەلوپەلی هاووڵاتیاندا گرتووە و تاڵانیان کردووە.
بە پێی یەکێک لە بەڵگەنامەکان کە لە ڕێکەوتنی 1 ی ئەیلولی 1996 لە ڕێگەی دەزگای گشتی هەواڵگری سەربازیی عێراقەوە ئاراستەی نووسینگەی سکرتاریەتی سەرۆکایەتی کۆمار کراوە، ئاماژە بەوە دەکات کە چەکدارانی مەسعود بارزانی لە شاری هەولێر هەڵمەتی پشکنینیان دەستپێکردووە لە نێو ماڵ و باڵەخانەکاندا و بە دوای ئەو ناوچانەدا گەڕاون کە یەکێتی وەک بارەگا بەکاری هێناون.
هەروەها ئەوەش خراوەتەڕوو کە چەکدارەکانی مەسعود بارزانی دەستیانگرتووە بە سەر کەلوپەل و شمەکەکانی هاووڵاتیان و تاڵانکردنی بارەگای چەندین ڕێکخراو کە وەک باسی دەکات ڕێکخراوەکانی خێرخوازی و مرۆیین.