31 ی ئاب، خیانەتێکی هەمیشەیی

بەرەو ساڵیادی خیانەتی 31 ی ئاب دەچین، كە لەو رۆژەداو لە ساڵی 1996 دا لایەنێكی كوردستانی بە دەبابەكانی بەعس شكۆی پەرلەمانی كوردستانی شكاند، ساڵیادی ئەم مێژووە رەشە بۆ یەكێتی و خەڵكی هەولێر لەئەمساڵدا جیاوازە، چونكە خەڵكی هەرێمی كوردستان بەرەو هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان هەنگاو دەنێن و یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش بۆ خەڵكی هەولێر دروشمی (هەولێر وەردەگرينەوە)ی كردووەتە سەركەوتنی هەولێرییەكان لە رۆژی 20 – 10 – 2024 کە رۆژی هەڵبژاردنەکانە.

پارتی لە 31 ی ئابی 1996 دا شكۆی پەرلەمانی كوردستان، كە یەكەم ئەزمونی دیموكراسی هەرێمی كوردستان بوو و بەدەنگی نزیكەی یەك ملیۆن دەنگدەر لە ساڵی 1992 پێكهێنرابوو شكاند، پەرلەمانی كردە گەراجی دەبابەكانی بەعس لەكاتێكدا پێشمەرگەكانی یەكێتی بەرگرییان دەكرد. هاتنی دەبابەكانی بەعس بۆ ناو باڵەخانەی پەرلەمان شەرعییەتدان بوو بەتاوانەكانی ئەنفال و كیمیاباران، بەڵام بەدەنگی خەڵكی هەولێرییەكان لەم هەڵبژاردنەدا ئەو شكۆیە بۆ پەرلەمان دەگەڕێنینەوەو هەولێر لەتاڵانچییەكان وەردەگرینەوە.

رۆژی 20-10-2024، رۆژی بەرەنگاربوونەوەی زوڵم و گەڕانەوەی شكۆیە لەلایەن هەولێرییەكانەوە بۆ خەڵك و پەرلەمانی كوردستان كە 28 ساڵ لەمەوبەر بە دەبابەكانی رژێمی بەعس بۆیان داگیركراو ئەو خیانەتەش شەرعییەت دان بوو بەتاوانەكانی كیمیاباران و ئەنفال و زۆر تاوانی دیكە كە لەلایەن رژێمی بەعسەوە دەرهەق بە گەلی كورد كرابوون.

31ی ئاب، یەكێكە لە رۆژە رەشەكانی تۆماری مێژووی كورد لە هەرێمی كوردستان، لەو رۆژەدا 400 تانك‌ و دەیان زرێپۆش‌و چەندین كەتیبەی‌ تۆبخانەو كاتیۆشاو هاوەن‌ و هێلیكۆپتەرو چەكە بەهێزو كاریگەرەكانی رژێمی پێشووی عیراق، بەهاوكاری پارتی، لەگیانی خەڵكی كوردستاندا تاقیكرانەوەو بینای پەرلەمانی كوردستانیان داگیر كرد.