10 نانەکەی سەرۆکی حکومەت

سەرۆکی حکومەتە کەمتەرخەمەکەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە کە نرخی 10 نان تەنیا بە 1000 دینار دەبێت، ئەمەش کاردانەوەی زۆری لای خەڵک درووست کردووە و داوایانکردووە لە بری ئیش و کاری بێ کەڵکی وەها، حکومەت مووچەی مووچەخۆران دابەش بکات تا بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان کەمێک جوڵەیان هەبێت.

بڕیارەکەی مەسرور بارزانی لە کاتێکدایە کە نرخی ئارد و سووتەمەنی بۆ نانەواخانەکان هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە، بە واتایەکی دیکە حکومەت بە نرخی پاڵپشتیکراو پێداویستی نانەواخانەکان پڕ ناکاتەوە و لە هەمان کاتدا بۆ بانگەشە داوای لەوان کردووە نرخی هەر 10 نان بە 1000 دینار بێت.

حکومەتی هەرێم کە لە سەرجەم سێکتەرەکاندا شکستی هێناوە، لە چارەسەرکردنی کۆی گشتی قەیرانەکاندا بە تەواوی ماوەتەوە و ناتوانێت لانیکەم بە چارەسەرکردنی یەکێک لەوان دڵی ئەم خەڵکە بە دست بێنێت.

حکومەتەکەی مەسرور بارزانی کە مووچەی بۆ دابەش ناکرێت، دۆخی شار و گوندەکانی لە ساڵانی نەوەدەکان دەچێت و هیچ خزمەتگوزارییەک بە پێی ڕەزامەندی هاووڵاتیان نییە و هیچ وەڵامێکی بۆ خواست و داواکارییەکانی ئەوان نییە، ناچارە ئەوەی کە ئیشی لێژنەیەکی ئاساییە، خۆی پێی هەستێت و بڵێت من هیچم پێناکرێت بۆیە نان و سەموونتان بۆ هەرزان دەکەم.