یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و جیابوونەوەیان بە فیکەیەک

ئەمریکا و سێ وڵاتی بەریتانیا، ئەڵمانیا و هۆڵەندا بە هاوکاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە گشتی، پرۆژەیەکیان بۆ ڕێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا خستووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئەم پرۆژە بووەتە ناوەڕۆکی لێکتێگەیشتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی بەرگری ئەمریکا کە دەبێت تا ساڵی 2026 هیچ هێزێکی حیزبی بوونی نەبێت و ئەوەی هەیە بە پێشمەرگە، ئاسایش و دژە تیرۆرەوە یەکبخرێنەوە.

لە هەرێمی کوردستان تەنیا هێزەکانی پێشمەرگە نین کە بە سەر دوو بەرەی یەکێتی و پارتیدا دابەش بوون، بەڵکوو پۆلیس، ئاسایش، دژە تیرۆر و هەرچی هێزی چەکدار هەیە سەر بە دوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانییە.

ئەم دابەشکارییە بە خاکیش کراوە و هەولێر و دهۆک بووەتە موڵکی پارتی و سلێمانی و هەڵەبجەش بووەتە موڵکی یەکێتی و دێگەڵەش وەک سنوری نێوان ئەم دوو حیزب و دوو بنەماڵەیە دەناسرێت.

کێشەکەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لەوەدایە کە هێشتا پارتی و یەکێتی نەگەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە بە بێ هێزی چەکدار دەتوانن لە دەسەڵاتدا بمێننەوە. لە ڕاستیدا دوو حیزبە دەسەڵاتدارەکە شەرعییەتیان نەماوە و لە ڕێگەی هێزی چەکدارەوە خۆیان بە سەر خەڵکدا سەپاندووە. پارتی و یەکێتی هێشتا نەبوونەتە ئەو هێزەی کە بە پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بتوانن لە دەسەڵاتدا بمێننەوە.

پێشتریش بانگەشەی یەکخستن و یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکرا بەڵام لە ڕووداوەکانی 16 ی ئۆکتۆبەری 2017 ی کەرکوک بە فیکەیەک هێزەکان بە سەر هەمان دوو بەرەی پێشووی پارتی و یەکێتیدا دابەش بوونەوە و ئەوەی ئەمریکا کردبووی یەکسەر بابردنی. ئێستاش پرۆژەکەی ئەو وڵاتە چارەنووسی هەمان ئەوەیە کە لە ساڵی 2017 دا بینرا و هیچ کات ئەوە ڕوو نادات هێزی پێشمەرگەی پارتی و یەکێتی لە ڕاستیدا یەکبگرنەوە.