کەس ناوێرێت لە لاهور شێخ جەنگی نزیک ببێتەوە

بەرەی گەل کە لاهور شێخ جەنگی سەرۆکایەتی دەکات، ڕەتی دەکاتەوە لە گفتوگۆدابن لەگەڵ لایەنەکان بۆ دروستکردنی هاوپەیمانێتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و دەڵێت "نە ئێستا و نە دوای هەڵبژاردن دەرگا داناخەین".

بەرەی گەل لە ڕوونکردنەوەیەکدا دەڵێت “لەرابردوودا دەستپێشخەرییمان هەبووە و هەوڵمانداوە بەرەیەکی فراوان درووستبکەین بەڵام وەڵامی لایەنەکان ئەرێنی نەبوون، لە ئێستادا لەگەڵ هیچ هێز و لایەنێک لەگفتوگۆدانین بۆ ئەو مەبەستە، هاوکات نە ئێستا و نە دوای هەڵبژاردن دەرگای هاوپەیمانیەتی و دروستکردنی بەرەیەکی فراوان لەگەڵ هیچ هێز و لایەن و کەسێکدا داناخەین کە خێر و خۆشی خەڵک و خاکی هەرێمی کوردستانی بوێت”.

بەرەی گەل دووپاتی دەکاتەوە کە خۆی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ئامادەکردووە، “بە پشتیوانی دەنگی ئەو دەنگدەرە بوێر و دلێرانەی کە خواستێکی گەورەی گۆڕانکارییان هەیە و زۆرینەی دەنگدەران پێکدەهێنن لە کوردستان، دەیەوێت گۆڕانکاریی ریشەیی لە حکومڕانی ئەنجام بدات و خەڵکی کوردستان لەم نائومێدی و دۆخە ناهەموارە رزگار بکات”.