کوردەکان خەراپترین دوژمنی خۆیانن

پەیمانگەی واشنتن بۆ سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی دوور، ڕاپۆرتێکی بە ناونیشانی " لە عێراق کوردەکان خەراپترین دوژمنی خۆیانن " بڵاو کردووەتەوە کە تێیدا هاتووە " کورد لە سەردەمێکدا بە فریادڕەس و دەسەڵاتدار، وەک یەکێک لە پایەکانی سەقامگیری و بەهێزترین هێز لە شەڕی دژ بە گرووپی تیرۆریستی داعش ناو دەبرا، ئێستا بە هۆی حیزبایەتی توند و سیاسەتی خێڵەکی و دابەشکاری ناوخۆییەوە ئیفلیج بوون ".

بەریڤان سەعید نووسەری ڕاپۆرتەکەیە و بە چڕی باسی دۆخی حکومڕانی و دەسەڵاتی ئێستای کوردی کردووە و ڕایگەیاندووە کە ” لەم ساڵانەی دواییدا ململانێ و ناکۆکی مێژوویی هەر دوو حیزبی دەسەڵاتدار لە هەرێمی کوردستان (پارتی و یەکێتی) لە سەر دەسەڵات توندتربووە، هەوڵەکانی دیپلۆماتکارانی ڕۆژئاواش بۆ هاندانی هەر دوو لا بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان، تەنیا هێوربوونەوەی کاتیی بە دواوە بووە “.

لە درێژەی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە ” پاش هەر ڕێکەوتنێک و لە گەڵ ڕاوەستانی هەوڵەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا، ناکۆکییەکی توندتر لە نێوان پارتی و یەکێتی دەبینرێت، ئەم ڕاستییەش ئەوە دەردەخات کە ئاشتی ناوخۆیی کوردی لە سەر سەرزەنشتکردنی توند و بەردەوامی بیانی و دەرەکی وەستاوە “.

بەریڤان سەعید ڕایگەیاندووە کە ” ئەوەی جێی سرنجە، کوردەکان زۆر بەتوانان لەوەی لایەنە ڕکابەرەکانی دیکە کۆبکەنەوە، بەڵام لە مامەڵەکردنیان لە گەڵ ناکۆکییە ناوخۆییەکان زۆر لاواز و بێباکن “.

لە ڕاپۆرتەکەی پەیمانگەی واشتندا هاتووە کە ” لە لایەکی دیکەوە حیزبە شێعەکانی ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئەم دابەشبوونەی کوردەکانیان قۆستووەتەوە بۆ ئەوەی دەسەڵاتی زیاتر بە سەر سەرچاوە سرووشتییەکانی هەرێمدا بسەپێنن، بە تایبەت لە یاسای بودجەی عێراق کە لەم ماوەیەدا لە لایەن پەرلەمانی ئەم وڵاتەوە پەسەند کرا “.

ڕاپۆرتەکە ڕایگەیاندووە کە ” ملکەچبوونی دەسەڵاتی کوردی تەنیا لە ئاست لەدەستدانی سەرجەم کەرتی نەوتی کوردستان نەوەستا، بەڵکوو لەمەودوا هەولێر هەر دۆلارێکی دەست بکەوێت دەبێت لە ڕێوشوێنێکی توندی فیدراڵیدا وردبینی بۆ بکرێت و ئەو دەسەڵاتەی خەرجکردن کە سەرۆکی حکومەتی هەرێم هەیەتی، لە ژێر دەسەڵاتی دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی و دادوەری حکومەتی عێراقدا دەبێت “.

پەیمانگەی واشنتن ڕایگەیاندووە کە ” لە دەرەنجامی ئەو کارانەش لە ئێستادا هەرێمی کوردستان لە هەموو کاتێک لاوازترە و چیتر داهاتووی هەرێم ڕوون نییە و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان شەرعییەتیان لە دەست داوە، نەک تەنیا لە بەر چاوی خەڵکی، بەڵکوو لە ڕووی یاساییشەوە بە تایبەت لە پاش ئەوەی دادگای فیدراڵی عێراق درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی بە نایاسایی ناو برد “.

سەبارەت بە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و شەرعییەتدانەوە بە دامودەزگاکانی هەرێم، پەیمانگەی واشنتن بۆ سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی دوور ڕایگەیاندووە کە ” ئەم هەڵبژاردنانە ناتوانێت یەکڕیزی نیشتمانی مسۆگەر بکات، بەڵام ڕەنگە بتوانێت هەلی نوێ بۆ دروستبوونی متمانە بڕەخسێنێت و هانی وتووێژ و بەشداری زیاتری هاووڵاتیان بدات. پێویستە لە کوردستان بگەنە یەکلاکردنەوەیەکی سیاسی لە ڕێگای ئەنجامدانی ڕێکەوتنی سیاسی نوێ بە پاڵپشتی ئەو لایەنە بیانییانەی پشتیوانی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن “.