کابینەی نۆ پێگەی هەرێمی کوردستانی کردووەتە قوربانی حزب

بنەمای هەر حکومەتێکی بەهێز لە ناوخۆ و دەرەوەیش بەندە بە لێک نزیک کردنەوەی لایەنی سیاسی و بیروڕا جیاوازەکان، بەڵام بەڕای چاودێرانی سیاسیی حکومەتی هەرێم و کابینەی نۆیەم نەک هەر نەیتوانیوە پەیوەندییەکی باشی هەبێت لەگەڵ لایەنە سیاسییە ناوخۆی و هەریمیەکان، لەهەمان کاتدا هۆکارە بۆ بەرتەوازەیی و لێکترازانی زیاتری نێو ماڵی کورد و هێنان و پەلکێشکردنی هێزی بێگانەو دەرەکی و داگیرکەران بۆ سەر خاکەکەی، ئەوەش بەهۆی بە حزبی و کردن و فەرزکردنی دەسەڵاتێکی دیاری کراو و خۆسەپاندنی بەسەرکۆی جومگە گرنگەکانی حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان.

هیوا سەید سەلیم، نوسەر و چاودێری سیاسی دەڵێت: ” لە شەش ساڵی ڕابردودا کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرکەوتو نەبووە لە هاوسەنگ ڕاگرتنی پەیوەندییەکانی لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەو نەیتوانیوە چەتری کۆکەرەوەی لایەنەکان بێت و نێو ماڵی کوردی ڕێکبخات، هاوکات پەیوەندی حکومەت لەگەڵ لایەنەکان لەئاستێکی زۆرخراپدا بووە، ئەوەش کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر لاوازبوونی هەرێمی کوردستان لەبەرامبەر بەغداد و وڵاتانی هەرێمایەتی داناوە .

هیوا سەید سەلیم، وتی:” ململانێی مێژوویی نێوان هەردوو حیزبی دەسەڵاتدارلەهەرێمی کوردستان هۆکاری پەرتەوازەیی و نێو ماڵی کورد بوون، لەگەڵ ئەوەشدا کەسایەتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت ئەمنییە و سەرکەوتونەبووە لە دروستکردنی پەیوەندییەکی باش لەگەڵ لایەنەکان و ئەوەندەی حیزبایەتی بەسەریدا زاڵە، ئەوەندە وەک دەوڵەتمەدارێکی ژیر مامەڵەی نەکردوە، بگرە بەزەقی لە کابینەی نۆیەمەدا خراپی پەیوەندییەکان ڕەنگی داوەتەوە بەراورد بە کابینەکانی دیکە و ئەوەی کردویەتی حکومڕانی نەبووە بەڵکو حیزبایەتی بووە.

لەبارەی بوونی نوێنەرایەتیەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی وڵاتانی دەرەوە و هۆکاری سودلێوەرنەگرتنی لەپێناو دروستکردنی پەیوەندیەکی باشی نێودەوڵەتی بە قازانجی هەرێمە دەستوریەکەی کورد لە عێراق هیوا سەید سەلیم دەڵێت :نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وڵاتانی جیهان نوێنەرایەتی حیزبەکانیانن نەک حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوەش وایکردوە کە دیبلۆماسییەتی کورد لە دەرەوە زۆر لاوازبێت لە بەرامبەر ئەو ئەرکەی پێیان دەسپێردرێت، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت حکومەتی عێراق ئەو ئەرکەشیان لێ وەربگرێتەوە.

بەپێی بەدواداچوونێکی دەزگای میدیایی “ئیرادە” حکومەتی هەرێمی کوردەستان نوێنەرایەتیی لە 14 وڵاتی جهان هەیە، کە بەم شێوەیە لە نێوان پارتی و یەکێتی دابەش بوون:

حەوت نوێنەرایەتی بۆ پارتی

حەوت نوێنەرایەتی بۆ یەکێتی

لە هەمان کاتدا 41 کونسوڵگەری و نوسینگەی کونسوڵگەریی و ئاژانس و ڕیکخراوی جیهانی لە هەرێمی کوردستان هەیە بە بێ ئەوەی حکومەتی هەرێم بتوانێت لەبەرژەوەندی پرسی کورد لە ناوچەکە کاریان لەگەل بکات .

بەپێی دابەشبوونی نوێنەرایەتییەکان لەنێوان هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار و بەکارهێنانیان بۆ بەرژەوەندییە حیزبی و کەسییەکان، ئەوە دەردەکەوێت حکومەتی هەرێم بەدرێژای تەمەنی دەسەڵاتی کورد لە 33 ساڵدا و بەدیاری کراوی کابینەی نۆیەم لە دەرهێنانی ناوەندە دیبلۆماسییە گرنگەکان لە ژێر کۆنترۆڵی حیزب و بەگەڕخستنیان بۆ پێشخستنی دۆزی ڕەوای گەلی کورد و کوردستان و ناساندنی زیاتری دۆزی کورد بە دنیایی دەرەوە سەرکەوتوو نەبوون و شکستێکی گەورەیان ڕووبەڕووی هەرێم و هاوڵاتی و خۆبەرێوەبەری کوردی لەباشوری کوردستان کردووەتەوە .

د. دانا مستەفا، مامۆستای زانکۆ و چاودێری سیاسیی لەسەر ئەو پرسە بە دەزگای میدیایی”ئیرادە”ی وت ” کاری حکومەت تەنها دابینکردنی ئاسایش و مووچە نییە بۆ هاوڵاتییەکانی، بەڵکو یەکێک لە ئەرکە گرنگەکانی توندوتۆڵکردنی پەیوەندییەکانییەتی لەگەڵ ئەو لایەنە سیاسیانەی سەنگ و قورساییان لە ناو پانتایی هەرێمی کوردستان هەیە و پێویستە بەجۆرێک پەیوەندی لەگەڵ هەریەک لەو حیزبە سیاسیانە هەبێت کە هەستبکەن بەشێکی گرنگی کایەی سیاسیین”.وتیشی:”بەداخەوە لایەنێکی تاکڕە و لەناو حکومەت کە زۆربەی جومگە گرنگەکانی بەدەستەوە بووە، نەیتوانیوە یان نەیویستوە خزمەتی هاوڵاتییان و لایەنە سیاسییەکانی خۆی بکات بەبێ جیاوازی، ئەوەش وادەکات ئەو لایەنە سیاسیانەی کە هەن هەست بەوە نەکەن کە بەشێکن لەو ستراکتۆرەی ناوی حکومەتە”.

د. دانا مستەفا لەبارەی پەیوەندییەکی باش و سەرکەوتوو لەبەڕێوەبردندا، “نموونەی جەلال تاڵەبانی، سکرتێری کۆچکردوی یەکێتی هێنایەوە و دەڵێت: “تا وەک سەرۆک کۆمار لە بەغدا بوو، نە کێشەی مووچە نە کێشەی بوجە و هیچ کێشەیەکی دیکە لە نێوان هەولێر و بەغداد نەبوو، بەڵام لە دوای نەخۆشکەوتنی ناوبراو، پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغداد بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکی ئەوکاتی حکومەتی هەرێم و بڕیاری تاکڕەوانەی حیزبەکەی هەموو شت تێکچوو، ئێستا هاوڵاتی و خەڵکی هەرێمی کوردستان باجەکەی دەدەن.