ڕیفراندۆمەکەی بارزانی

7 ساڵ بەر لە ئێستا مەسعود بارزانی بە وتەی خۆی حسێبی بۆ قسەی کەس نەدەکرد و ڕیفراندۆمێکی بە سەر هەرێمی کوردستاندا سەپاند کە هەر ئێستاش کاریگەرییە نەرێنییەکانی لە سەر ژیانی خەڵک بەردەوامە.

سەرۆکی ئەو کاتەی هەرێمی کوردستان بە بێ هیچ خوێندندوەیەکی سیاسی لە دوو ئاستی ناوخۆ و دەرەکیدا و تەنیا لە بەر غروری سیاسی خۆی ئەو بڕیارەی دەرکرد کە هەرێم ڕیفراندۆمی جیابوونەوە لە عێراق بەڕێوە ببات. مەسعود بارزانی تەنانەت عێراقی بە دراوسێیەکی نوێی هەرێمی کوردستان ناو دەبرد.

لەو کاتەدا هیچ حزبێکی سیاسی گەورەی کوردی لە گەڵ ڕیفراندۆم نەبوو و ئەوانەش هەڵوێستیان لە سەری هەبوو، تەنیا بۆ ئەوە بوو لە لایەن پارتی و بارزانییەکانەوە بە خیانەتی نیشتمانی تۆمەتبار نەکرێن. یەکێتی نیشتمانی کوردستان نموونەیەکە بۆ ئەو حزبانە و بە هیچ شێوازێک لە گەڵ ڕیفراندۆم نەبوو و هۆکارەکەشی ئەوە بوو کە لە ئامانجە ڕاستەقینەکەی پارتی ئاگادار بوو.

ڕیفراندۆمەکەی پارتی و بارزانی شکستی هێنا و هەرێمی کوردستان کەوتە لێکترازانێکی دیکەوە و تەواوی ناوچە کێشە لە سەرەکانی لە دەستی کورد دەرهێنا. ئەوەی پارتی و بارزانی کردیان بۆ سەربەخۆیی نەبوو، تەنیا بۆ موزایدەکردن بە سەر ئەم حزب و ئەو حزبەوە بوو و تا ئەمڕۆش سەرەڕای ئەو شکستە گەورەیە کە هەمووان لێی ئاگادارن، پارتی و بنەماڵەی بارزانی ڕیفراندۆم بە خەڵک و لایەنە سیاسییەکان دەفرۆشنەوە، لە کاتێکدا کە خۆیان هەر لە سەرەتادا بڕوایان بە ڕیفراندۆم و ئامانجەکەی نەبوو.