پیلانی تورکیا بۆ داگیرکردنى هەرێمی کوردستان بەهاوکارى پارتى دەستى پێکردووە

تا دێت تورکیا هێرشە داگیرکارییەکانی لە هەرێمی کوردستاندا بەرفراوانتر دەکات، بە گوێرەى زانیارییەکانیش شەوى ڕابردوو بە هاوکارى هێزەکانى پارتى تورکیا کاروانێكی سەربازی گەورەى ناردووەتە سنووری کانی ماسی لە سنورى شارۆچکەی ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆک.

لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان چەند گرتەیەکى ڤیدیۆى بڵاوبۆتەوە و تیایدا دەرکەوتووە، تورکیا کاروانێكی زەبەلاحی سوپای ناردووەتە سنوری کانی ماسی و بە بەرچاوى دەسەڵاتدارانى ئەو سنورە بە ئاشکرا تەراتێن دەکەن.

بەپێى زانیارییەکانیش، تورکیا ئەو پیلانەى بۆ داگیرکردنى ناوچە سنورییەکانى هەرێم دایناوە بەهاوکارى پارتى قۆناغ بەقۆناغ دەستى پێکردووە و بەردەوام لە هەوڵى فراوانکردنى هێرشە داگیرکارییەکانی لە هەرێمی کوردستاندا دەەدات.

بەشێک لە پسپۆڕ و شارەزایانى سەربازیش پێییان وایە مەبەستى تورکیا لە هێرشەکانیدا جیاواز لە چاوتێبڕینى توکیا بۆسەر خاکى هەرێم بەگشتى لە چوارچێوەى پەیمانى میللى، لانى کەم داگیرکردنى (40)کم لە خاکى هەرێمى کوردستان لە سێگۆشەى تورکیا-ئێران و عێراق بۆ سێگۆشەى تورکیا-سوریا و عێراق کە بەتەواوى هاوڵاتیانى کورد لە هەرێمى کوردستان دادەبڕێت لە کوردان لە کوردستانی تورکیا هاوشێوەى پیلانى داگیرکردنى (30)کم لە خاکى کوردستانی سووریا، لەم پیلانەدا پارتى دیموکراتى کوردستان بەکارهێنراوێکى سەرەکى بێ مەرجە بۆ تورکیا. ئەوەى لەم داگیرکارییە جیاوازە ئەوە خاکى کوردستانی سووریا لە چوارچێوەى پلان و رێککەوتنى نێوان (ئەمریکا-تورکیا) و (ڕوسیا- تورکیا) داگیرکرا، بەڵام ئەمەى لەهەرێمى کوردستاندا ڕوودەدات داگیرکردنى خاکى هەرێمە بەهاوکارى هێزێکى دەسەڵاتدارى کوردى و پێچەوانەى خواستى وڵاتانى زلهێز و تەنانەت عێراق.