پیرەکەی یەکێتی شکستەکەی هەرێمی لە بەرامبەر بەغدا پشتڕاست کردەوە

ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دانی بە شکستەکەی هەرێمی کوردستاندا ناوە و ڕایگەیاندووە کە پەرلەمان و کۆمیسیۆنمان نەماوە و نازانین کەی هەڵبژاردن دەکرێت.

سەعدی ئەحمەد پیرە ڕایگەیاندووە کە دەبێت کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق پێمان بڵێت کەی دەتوانێت هەڵبژاردنەکان بەڕێوە ببات.

ناوبراو دیسانەوە هەمان قسەی جارانی هەر دوو حیزبی دەسەڵاتداری هەرێمی کوردستانی لە پاش شەڕ و هەرای میدیایی دووبارە کردەوە و وتی کە ئێستا دەبێت ماڵی خۆمان ڕێکبخەین و ڕوبەڕوی هەڕەشەکانی سەر هەرێمی کوردستان ببینەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە پارتی و یەکێتی هیچ کات بڕوایان بە مافی خەڵک و بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان نەبووە و تەنیا هەوڵی بەدیهاتنی بەرژەوەندییە حیزبی و کەسییەکانی خۆیان داوە.

پارتی و یەکێتی لە کاتێکدا باس لە پێویستی یەکڕیزی کورد دەکەن کە خۆیان بە تێکدەری نێوماڵی کورد ناسراون و لە ڕوانگەی خەڵکەوە بە یەکەم دوژمنی کورد و مافەکانی دادەنرێن.