پزیشکیان داوایەکى پارتى بۆ هەڵوەشاندنەوەى سەردانى بۆ سلێمانى ڕەتکردەوە

دواى ئەوەى بەرپرسانى باڵاى پارتى لە دیدارەکانیان لەگەڵ پزیشکیان هەوڵدەدەن سەردانەکەى بۆ سلێمانى هەڵبوەشێنێتەوە، بەڵام سەرۆک کۆمارى ئیسلامى ئێران داواکەیان ڕەتدەکاتەوە و جەختدەکاتەوە لەوەى کە سەردانى سلێمانى دەکات.

شارپرێس لە سەرچاوەیەکى ئاگادار لە کۆبونەوەکانى مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆمارى ئێران و بەرپرسانى باڵاى پارتى لە هەولێر زانیویەتى: داوا لە پزیشکیان کراوە سەردانەکەى بۆ سلێمانى هەڵبوەشێنێتەوە.

بەپێى زانیارییەکان بەهانەى پرۆتۆکۆڵى و پێویست نەبوونى سەردانى پزیشکیان بۆ سلێمانى خراوەتە بەردەم سەرۆک کۆمارى ئێران و پێىوتراوە، ئەگەر دیدارى لەگەڵ بەرپرسانى یەکێتیدا دەبێت، با ئەوان بێن لە هەولێر بیبینن.

سەرچاوە ئاگادارەکە ئەوەشى ڕاگەیاند، هەوڵەکان بۆ ڕازیکردنى پزیشکیان سەرکەوتوو نەبووە و سوربووە لەسەر سەردانیکردنى سلێمانى، بەو پێیەى پێشتر سەردانیکردنى سلێمانى لە بەرنامەی کارى گەشتەکەیدا بووە.