پارەی ژێرزەمینەکان و خەڵکی هەژاری کوردستان

سەرباری ڕاگرتنی مووچە و سەدان قەیران و کێشە و نەهامەتی خەڵک، بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی خاوەنی ملیاران دۆلارن تەنانەت حزبەکانی خۆشیان ئاگاداری دۆسیەی پارە ژێرزەمینەکانیان نین و تەنها بۆ هەردوو بنەماڵەکە و ژمارەیەکی کەم لە دەست وپیوەندەکانیانە.

بە پێی زانیارییەکان بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی خاوەنی چەندین ملیار دۆلارن کە بە دزینی داهاتی گشتی و بردنی مووچەی خەڵک و داهاتی ناوخۆ و نەوت و نەوتی قاچاخ و بارزگانی دەرمان و مادە کحولیەکان و سەرانە سەندن لە بازرگانان بەدەستیان هێناوە.

پێشتر مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دانی بە بوونی ژێرزەمینی پڕ لە پارە و دۆلاردا نابوو دوای ئەوەش بەرپرسەکەی یەکێتی وردە وردە لە حزبەکەی کەنارگیر کرا.

چاوگێکی ئاگادار باسی لەوە کرد، پارەکەی بنەماڵەی بارزانی بە ئاگاداری خودی مەسعود بارزانی لە چەند شوێنێکی تایبەت هەڵدەگیرێت لەوانە سەری ڕەش لە پیرمام و چەند شوێنێکی تایبەت کە پێشتر لە بانکی کوردستانی سەربەخۆ بە خودی بنەماڵەکە بوو.

بنەماڵەی بارزانی دوو بانکیشێان بە ناوی بانکی کوردستان و ئاڕ تی بانکەوە دامەزراندووە بۆ خستنەوەگەڕی پارەکانیان و سپیکردنەوەیان لە وڵاتان لە ڕێگای کڕینی موڵک و ماڵی تایبەت بە خۆیانەوە

بنەماڵەی تاڵەبانیش بە هەمان شێوە پارەکان لە دوو شوێنی تایبەت لە شوێنی نیشتەجێبونی ماڵی تاڵەبانی لە دەباشان و لە قەڵاچوان هەڵدەگرن و هێزی تایبەت و نزیکی خۆیان داناوە بۆ پاراستنیان، هەردوو بنەماڵەکە پارەکان لە بانکەکانەوە بە ئۆتۆمبێلی ئەمبوڵانس دەگوازنەوە بۆ ژێر زەمین و شوێنە تایبەتەکانی خۆیان و بە زۆری شەوان کاری گواستنەوە و تاڵانکردنی بانکەکەکان دەکەن.

وەک چۆن سەرەتای ٢٠١٣ـش، پارەی بانکەکان کە پارەی هاوڵاتیان، پرۆژە، پارەی لقی هەرێمی بانکە عیراقییەکان بوون، هەمووی گوازرایەوە و بۆ نێو ژێر زەمینەکانیان و تاڵانکران، بەو هۆیەوە دەیان وەبەرهێن و سەرمایەدار کە پارەیان لە بانکەکان دانابوو مایەپوچ بوون.

یەکەم پارەی قەبە کە کەوتە دەستی پارتی و یەکێتی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٣ ئەو کاتەی بە چەند هەلیکۆپتەرێک سێ ملیار دۆلاریان لە پۆڵ بریمەر حاکمی ئەمەریکا لە عێراق وەرگرت بەناوی خەڵکەوە، بەڵام بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی لەنیوان خۆیاندا دابەشیان کرد و لە ساڵی٢٠٠٧ ئەو ساڵەی کە ئاڵوگۆڕی پۆستی سەرۆک وەزیران لە نێوان نێچیرڤان بارزانی و بەرهەم ساڵحدا کرا، پێنج ملیار دۆلار لە قاسەی حکومەتدا بوو، بەڵام لە گەڵ ئاڵوگۆڕەکەدا گسکیاندا لە قاسەکە و ئەو پارەشیان لەنێوان خۆیاندا دابەشکرد.

لە کۆتایی ساڵی ٢٠١١ش، بڕی چوار ملیار دۆلار پارەی شیرینی نەوتی کۆمپانیا بیانییەکان لە نێوان هەردوو بنەماڵەکە دابەشکرا، جیا لەوەی لەساڵی ٢٠٠٣ تاوەکو ٢٠١٤، بەغدا ١١٢ ملیار دۆلاری بۆ هەرێم ناردووە بەشێکی زۆری جوت بنەماڵەکە دەستیان بەسەرداگرتووە و بانکەکانیان تاڵانکردوە و گواستیانەوە بۆ ژێر زەمینەکان.