پارەی دەسەڵات ناهێڵێ ئۆپۆزسیۆنی حیزبی لە کوردستان یەک ڕیزبن

مەسعود عەبدولخالق خاوەنی دەزگای ستاندەر ڕایگەیاند: ئۆپۆزسیۆنی حیزبی لە کوردستان بەرنامە و خەونی گەورەیان نیە، ئەو پارەیەی دەسەڵات دەیانداتێ ناهێڵێ یەک ڕیزبن

مەسعود عەبدولخالق لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە دیدارێکی دەنگی ئەمریکا ڕایگەیاند: حزبەکانی ئۆپزسیۆن، خاوەنی پڕۆژەی زۆر گەورە نین بۆ دوای هەڵبژاردن، چونکە هەر یەکەیان بەشێکی هەیە لەلایەن دەسەڵاتەوە و لەوانەشە ئەو بڕە کەمە داراییەی دەسەڵات دەیانداتێ، پێیان باشتر بێت لە ئایندە.

ئۆپزسیۆن زۆر پەرش و بڵاوە، زۆر بێ بەرنامەیە، هەربۆیە ئەگەری ئەوە هەیە لەو هەڵبژاردنەی مانگی 10دا، لایەنە دەسەڵاتداراەکان جارێکی تریش سەربکەونەوە، بێگومان بەهۆی بێ بەرنامەیی ئۆپزسیۆنەوە.

هەوڵ و تەقەلایەکی زۆرماندا بۆ دروستکردنی بەرەی بەرفراوانی ئۆپۆزسیۆن، بەهۆی بێ بەرنامەیی ئۆپۆزسیۆن سەرکەوتوو نەبووین.

بۆ ئەم هەڵبژاردنە هەندێک گۆڕانکاریی هاتوونەتە پێش، وەک نەمانی ئەوەی دەگوترا ئەگەر پارتی لە چین بچێتە هەڵبژاردنەوە هەر سەردەکەوێت، یانیش ئەوەی دەگوترا خاوەنی یەک کورسیش بن، هەر فەرمانڕەوای هەرێمی کوردستانن.

کەواتە دوو تیۆری پێشتر کە چەواشەکارانە بووە لە هەڵبژاردندا، بە تەواوەتی نەماون؛ هەربۆیەشە لەوبڕوایەدام هەڵبژاردنی ئەمجارە کاریگەرییەکی زۆری دەبێت لەسەر چارەنوسی هەرێمی کوردستان.