پارتی ٢٩ ساڵە زیندانی کردووە؛ ھاوسەری زیندانیەکی سیاسی داوای ئازادکردنی مێردەکەی دەکات
بەناوی خوای گەورەی میهرەبان
من (خاتون پیرداود) خێزانی زیندانی سیاسی (تحسین عمر عبداللە) ئەم نامە و پەیامە بۆ ڕای گشتی هەموو جیهان بڵاودەکەمەوە بەهەموو ئازادیخوازانی دنیا ڕادەگەیەنم کەماوەی ٢٩ ساڵە لەدوری هاوسەرەکەم ئازاردەچێژم ، منداڵەکانم بەبێ باوک گەورە کرد بەئەوپەڕی ناخۆشی تەمەنی گەنجی و جوانیم بەچاوەڕوانی هاوسەرەکەم بەڕێکرد .
هاوسەرەکەم لەمانگی ١٢/١٩٩٥ لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق دەستگیرکرا ئەوکات شەڕی پارتی و یەکێتی بوو گوایە یەکێتی یە و کاری بۆ دەزگای زانیاری یەکێتی کردووە لەگەڵ چەند کەسێکی دیکەدا.
هەرچەندە ماوەی ٢٠ ساڵە ئەو کەسانەی ئازادکراون کەلەگەڵ هاوسەرەکەی مندا دەستگیرکرابوون بە لێبوردنی تایبەت ئازادکران تەنها هاوسەرەکەی من مایەوە لەزیندانەکانی پارتی لە هەولێر.
کەهەم تا ئێستاش لە زیندانە.
هەرچەند ماوەی چەند مانگێک لەمەوبەر بەڕێز سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ سەردانی هاوسەرمی کردبوو لەهەولێر لەنزیکەوە حاڵی بینیبوو بۆی دەرکەوتبوو کەنەخۆشە و تەمەن تێپەڕیووە و ئەختیاربووە هەربۆیە لەڕوانگەی مرۆڤ دۆستانەی خۆیەوە بەکتابی ڕەسمی داوای لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان ( کاک نێچیرڤان بارزانی ) کردبوو کە هاوسەرەکەشم وەک نەخۆشێک و بەساڵاچووی بە لێبوردنی تایبەت ئازادبکات بەڵام بەداخەوە هەتا ئێستا جوابی نەداوەتەوە .
بۆیە داوا لە سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق دەکەم هاوسەرەکەم ئازادبکات خۆی لەو بەرپرسیارییە ڕزگار بکات.
خۆ هاوسەرەکەم ئەنفالچی و جاش و بەعس و كورد کوژ نەبووە ، چۆن ئەوانتان عەفووکردوو و کوردستانتان دایەوە دەستان ئاواش هاوسەرە بێ تاوانەکەی من کە ماوەی ٢٩ ساڵە پارتی زیندان کردووە ئازادی بکەن
خۆ ئەمە فەرهەنگ نییە بەس جاش و خائین گەورەکان عەفو بکەی .
ئەی دنیای مافی مرۆڤ ، ئەی ئازادیخوازان ئاگاداربن .
پارتی و دەزگا ئەمنییەکەی خۆم کوڕەکانمی ڕاونا لەترسی کێشەکانی ئەوە کوردستانی ئازیزمان بەجێ هێشت و هەڵهاتین بۆ ئەوروپا .
ئێستا لەوڵاتی پیرۆزی بەریتانیا دەژین .
بۆیە وەک هاوڵاتیەکی وڵاتی بەریتانیای ئازیز داوا لەسەفیری بەڕێزی وڵاتی بەریتانیای پایەدار دەکەم لە عێراق لەسەر ئەم هەقەی من بێتە دەنگ و بەرپرسانی عێراق ـ هەرێمی کوردستان ئاگاداربکەن هاوسەرەکەم ئازادبکەن .
ئەی هاوار ئیتر بەسە دەست لە زوڵم و ستەم هەڵبگرن و دەرس لەماڵی ( صدام حسين )ی گۆڕبەگۆڕ وەربگرن ، چونکە هاوشێوەی ئەوانەکاردەکەن.
ئەی ئازادیخوازانی دونیا ، ئەی گەلی کوردستانی ئازیز ، ئەی مافی مرۆڤ ، ئەی ڕەوەندی کوردی ئازیز داوا و تکا لەهەمووتان دەکەم هاوکاریم بکەن و دەنگی من بگەیەنن بە هەموو دونیا کەپارتی ماڵی وێران کردووم و تەمەنی گەنجی خۆم و هاوسەرەکەمی بەفیڕۆداین ، منداڵەکانم بەهەتیوی گەورە کرد ، تکا لەهەموو ویژدانە زیندووەکان دەکەم هاوکاریم بکەن و هاوسەرەکەم ئازادبکەن چونکە ئێستا لەزیندان نەخۆشە و باری تەندروستی زۆر خراپە و ئەختیار بووە .
ئەو ژیانەی کەماومانە با لەئامێزی خێزانەکەمان بیبەینەسەر .
داواکار /خاتوون پیرداود