پارتی و گەڕانەوەیەکی جیاواز بۆ کەرکوک

پارتی دیمۆکراتی کوردستان بانگەشەی گەڕانەوە بۆ کەرکوک دەکات. پاش ڕووداوەکانی 16 ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 و ڕاکردنی پارتییەکان لە کەرکوک، ئێستا پارتی دەڵێت بۆ ئەم شارە دەگەڕێینەوە.

گەڕانەوەی پارتی بە هێزی سەربازییەوە نییە و لەوپەڕی لاوازیدایە. بە تێپەڕبوونی 6 ساڵ بە سەر ڕووداوەکانی 16 ی ئۆکتۆبەری 2017، پارتی دەگەڕێتەوە کەرکوک و بانگەشەی بەهێزبوونی خۆی دەکات، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هیچ دەسەڵات و هێزێک لە گەڵ پارتی بۆ کەرکوک نەگەڕاوەتەوە.

پارتی لە ماوەی ڕابردوودا بەردەوام بانگەشەی داگیرکردنی کەرکوکی دەکرد، ئێستا دەڵێی سەرکردە هەڵهاتووەکانی وەک کەمال ناکەرکوکی ئازادیان کردبێت بۆ ئەم شارە دەگەڕێتەوە.

ئامانجی گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکوک، ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی نییە بەڵکوو بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنەکان و کۆکردنەوەی دەنگ دەگەڕێتەوە ئەم شارە.

ئەگەر هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە کەرکوک بەڕێوە نەدەچوو، پارتی هیچ کات بۆ شارەکە نەدەگەڕایەوە. بە واتایەکی دیکە دەبێت بڵێین کە خێری پۆست و پارە بگات کە پارتی دیمۆکراتی کوردستانی بە کەرکوک شاد کردەوە.

پارتی ئەمجارە لە کەرکوک دەسەڵاتدار نییە و ناتوانێت لە پێی خۆی زیاتر ڕابکێشێت و داوای دەسەڵات بکات.