پارتی و سلێمانی
پارتی لە سنوری سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان حیزبێکی پەراوێزخراوە و ئەگەرچی زیاتر لە 33 ساڵە لە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستاندایە بەڵام هیچ کات نەبووەتە جێی متمانەی خەڵک و ڕق و توڕەیی خەڵکی ئەم سنورانە زیاتر ئاراستەی مەسرور بارزانییە کە لە ماوەی 5 ساڵی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمدا زیاترین زوڵمی لەوان کردووە.
هەربۆیە پارتی نێچیرڤان بارزانیی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنەکان ناردە سلێمانی، بە هۆی ئەوەی کە تا ڕادەیەک پەیوەندیی لە گەڵ خەڵک و لایەنە سیاسییەکاندا باشترە.
بەڵام نێچیرڤان بارزانیش تووشی هەڵەیەکی گەورە بوو کاتێک داوای دەرفەتی خزمەتکردنی لە خەڵکی سلێمانی کرد. ئەو بە خەڵکی سلێمانیی ڕاگەیاند کە یەک جار متمانە بە پارتی بکەن و دەرفەت بەم حیزبە بدەن تا لەم دۆخە ڕزگار بن.
پرسیار ئەوەیە کە پارتی زیاتر لە 33 ساڵ لە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستاندایە و هەموو شتێکی بە دەستەوە بووە. ئەی بۆ خزمەتی خەڵکی نەکردووە؟ ئێستا کە کێشەی لە هەڵبژاردنەکاندا هەیە خەڵکی سلێمانیی کەوتووەتە بیر و داوای یارمەتییان لێدەکات.