پارتی ملکەچی ئەمریکییەکان بووەتەوە

پارتی دیمۆکراتی کوردستان بۆ ویلایەتی دووەمی مەسرور بارزانی لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، هەموو هەوڵێکی خستووەتەگەڕ و پەنای بۆ ئەمریکییەکان بردووە.

مەسرور بارزانی لە ساڵی 2019 تا ئێستا سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانە و کارنامەیەکی شکستخواردووی لە زۆر بوارێکدا هەبووە. یەکێک لە خاڵە لاوازەکانی سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، زیاتربوونی ناکۆکییە سیاسییەکانە لە هەرێمی کوردستان و بەم بۆنەشەوە لایەنە سیاسییەکان بە تایبەت یەکێتی نیشتمانی کوردستان هێڵی سوریان لە سەر هەڵبژاردنەوەی مەسرور بارزانی وەک سەرۆک وەزیرانی کابینەی داهاتووی هەرێم داناوە.

لە ئێستادا هەموو هەوڵەکانی پارتی و مەسعود بارزانی، ڕازیکردنی ئەمریکییەکان و وڵاتانی ڕۆژئاوا و بەغدا و یەکێتی نیشتمانی کوردستانە تا مەسرور بارزانی لە دوای هەڵبژاردنەکانی 20 ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ ببێتەوە بە سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان.

ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەو بڕوایەدان کە مەسرور بارزانی گرفتی گەورەی بەردەم پلانە سیاسی و سەربازییەکانی ئەوانە و یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش بە هۆکاری چڕبوونەوەی ناکۆکییەکانی لە گەڵ پارتی دەیزانێت. هەر بۆیە ئەستەمە بە ئاسانی مەسرور بارزانی پۆستەکەی وەربگرێتەوە.