وەڵامێک بۆ هۆشیار زێباری

هۆشیار زێباری کە پێشتر وەزیری دەرەوە و دارایی عێراق بووە و بە هۆی چەندین دۆسیەی دزییەوە دەرکرا، لە کاتی خۆکاندیدکردنیشی دادگای فیدراڵی عێراق ڕێگەی خۆپاڵاوتنی نەدا، هەر بۆیە کۆنەقینێکی لە لایەنە سیاسییە شیعەکان هەیە.

زێباری کە لە سەر دەستی لایەنە سیاسییەکانی شیعەی عێراق لە سیاسەت و پۆست و پلە باڵاکان دوور کەوتووەتەوە، لە لێدوانێکدا بە خۆشییەوە دڵنیایی لەوە داوە کە ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر ئێران و گرووپە عێراقییەکان.

بۆ ئاگاداری زێباری، ئێران یەکەم وڵات بووە کە لە ماوەی کەمتر لە شەش مانگدا دوو جار گەورەترین هێرشی مووشەکی کردووەتە سەر ئیسرائیل کە خاوەنی چەکی ئەتۆمییە و لە لایەن ئەمریکاوە پشتیوانی دەکر‌ێت.

هۆشیار زێباری دەبێت ئەوەش بزانێت کە کۆنەقینەکەی لە لایەنە سیاسییەکانی شیعەی عێراقی بە پشتیوانی لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران هیچ لە گەورەیی ئەم وڵاتە و کاریگەری گرووپە عێراقییەکان کەم ناکاتەوە بەڵام ئەو بۆ هەمیشە لە سیاسەتی عێراق کراوەتە دەرەوە و گەڕانەوەی مەحاڵە.