وەزارەتى دارایى هەرێم مووچە خۆران بێئومێد دەکات

وەزارەتى دارایى و ئاوبورى هەرێمى کوردستان بۆ دابەشکردنى مووچەى مانگى ئەیلول چاوەڕوانى ناردنى ئەو کورتهێنانەیە کە بۆ دابەشکردنى مووچە دروستبووە.

بەشێک لە میدیاکان هەواڵى ئەوەیان بڵاوکردەوە کە ئەمڕۆ وەزارەتى دارایى هەرێم لیستى مووچە بڵاو دەکاتەوە و تا رۆژى شەممە سەرجەم فەرمانبەران وەرى دەگرن، بەڵام ئیرادە پەیوەندى بە سەرچاوەیەکى بەرپرس لە وەزارەتى داراییەوە کرد، سەرچاوەکە وتى “نزیکەى 305 ملیار کورتهێنان بۆ دابەشکردنى مووچە مانگى نۆ دروستبووە و وەفدێکى هەریم سێ رۆژە لە بەغدایە و داواى ناردنى ئەو بڕە پارەیەى کردووە”.

سەرچاوەکە وتیشى: هەرکاتێک بەغدا پارەى ئەو کورتهێنانە بنێرێت راستەوخۆ وەزارەتى دارایى لیستى مووچە بڵاودەکاتەوە و دەست بەدابەشکردنى دەکرێت.حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان پێشتر رایگەیاندووە، بۆ مووچه‌ى هه‌ر مانگێك بڕى 998 ملیار دینارى پێویسته‌، وه‌زاره‌تى دارایى عێراق تاوه‌كو ئێستا 927 ملیار دینارى ناردووه‌، به‌ڵام هه‌رێمى كوردستان ده‌ڵێت به‌شێك له‌و پاره‌یه‌ بۆ مووچه‌ى مانگى هه‌شت خه‌رجكراوه‌ و 314 ملیار كورتهێنان هه‌یه‌.

وەزیرى دارایى عێراق دوو ڕۆژ لەمەوبەر له‌ كۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ لیژنه‌ى دارایى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق وتویه‌تى “هه‌رێمى كوردستان زیاتر له‌ 320 ملیار داهاتى ناوخۆى هه‌یه‌ و له‌ نیوه‌ كه‌متر بۆ به‌غدا ده‌نێرێت، بۆیه‌ پێویسته‌ له‌و پاره‌یه‌ كورتهێنان پڕ بكاته‌وه‌”.

دواى وتەکانى تەیف سامى وەزارەتی دارایی عێراق ڕایگه‌یاند: بۆ مووچەی مانگی نۆی مووچەخۆرانی هەرێم، بڕی ترلیۆنێک و 10 ملیار دیناریان بۆ هەرێم ناردووەلێدوانە پێچەوانەکانى هەردوو وەزارەتى دارایى عێراق و هەرێمى کوردستان لە کاتێکدایە، مووچە خۆرانى هەرێمى کوردستان چاوەڕێى دابەشکردنى مووچەى مانگى نۆ دەکەن، هەرچەندە نیوەى مانگى 10 تێپەڕیوە و وەزارەتى دارایى عێراق ئامادەکارى بۆ دابەشکردنى مووچەى ئەم مانگە دەکات.