هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و چارەنووسێکی نادیار

تۆمارێکی دەنگیی بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی لە لایەن دەزگای هەڵبژاردنی پارتییەوە بڵاوکرایەوە کە تێیدا باس لە گەرەنتیکردنی ٣٠ کورسی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات، هەرچەندە هەر زوو لە لایەن بەرپرسانی یەکێتییەوە تۆمارەکە رەتکرایەوە بەڵام وەک سەرەتایەک بۆ دواخستن یان رەتکردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن لێکدرایەوە.

تەنیا کەمتر لە دە ڕۆژ بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ماوە بەڵام گومان دەکرێت پارتی و یەکێتی کێشە بۆ هەڵبژاردنەکە دروست بکەن و هاوشێوەی دوو ساڵی رابردوو رێگە بە ئەنجامدانی نەدەن.

دەزگای هەڵبژاردنی پارتی لە راگەیەندراوێکدا هۆشداری ئەوەی داوە کە یەکێتی سەرقاڵی پلانێکە بۆ ساختەکاری لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکەدا.

بڵاوکردنەوەی ئەم تۆمارە دەنگییە وەک ئامادەکارییەک بۆ رەتکردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەخوێنرێتەوە لە کاتێکدا ئەگەر ئەنجامەکان بە خواستی لایەنە بەشدارەکان نەبوون.

پێشتر بەرپرسانی یەکێتی بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە لەم هەڵبژاردنەدا ژمارەی کورسییەکانیان بۆ ٣٠ کورسی بەرز دەبێتەوە و جیاوازی نێوان کورسییەکانیان لە گەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان تەنیا ٦ بۆ ٧ کورسی دەبێت.

بڵاوکردنەوەی تۆمارە دەنگییەکە تەنیا دوای رۆژێک لە بڵاوکردنەوەی تۆمەتبارانی دۆسیەی کوشتنی نیاز دەرگەڵەیی دێت لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانی یەکێتییەوە کە ساڵی رابردوو لە دەڤەری ڕاپەرین کوژرا و دەزگا ئەمنییەکانی پارتییان بە کوشتنی تۆمەتبار کرد.

پێش ئەوەش میدیاکانی پارتی لە ساڵیادی کوژرانی عەقید هاوکار جاف لە هەولێر، دۆسیەکەیان زیندوو کردەوە و لە ناو جەرگەی شاری هەولێر وێنەی تۆمەتبارانی رووداوەکەیان هەڵواسی کە ئەندامانی هێزەکانی دژە تیرۆری یەکێتین

بە بڕوای شارەزایان، توندوبوونەوەی بانگەشەکان و بڵاوکردنەوەی دۆسیە ئەمنییەکان لە لایەن پارتی و یەکێتییەوە دەکرێت وەک هەنگاوێک بۆ دروستکردنی کێشە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن تەماشا بکرێت.

لە گەڵ ئەوەشدا بەشێک لە کەسایەتی و لایەنە سیاسییەکان پێیان وایە توندکردنەوی ململانێکان لە نێوان ئەو دوو حیزبە پلانێکی پێشوەختەی خۆیانە و دوای هەڵبژاردن هاوشێوەی رابردوو دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوەو جارێکی دیکە لە سەر یەک مێز کۆدەبنەوە.