هەولێرییەکان داوای بەلەم دەکەن
یەکەم بارانی ئەمساڵ جارێکی دیکە لاوازبوونی ئومێد خۆشناو و دەسەڵاتی پارتی دیمۆکراتی کوردستانی بۆ ئیدارەدانی هەولێر ئاشکرا کرد.
ڕۆژی هەینی 3 ی 11 ی 2023 یەکەم بارانی بەخوڕی ئەمساڵ باری و ڕێژەی بارینەکە لە شاری هەولێر 28 ملیم بووە.
بە هۆی بارین بارینەکەوە لە هەندێک گەڕەکی وەک دارەتوو و بەحرکەی شاری هەولێر ئاو چووە ماڵ و دووکانی خەڵک و ژمارەیەک ئۆتۆمبێلیش بەو هۆیەوە ژێر ئاو کەوتن.
دەسکەوتە گەورەکانی حکومەتی هەرێم بە ناوی شەقامی 100 و 120 مەتری لە هەولێر ئاوێکی زۆری تێدا کۆبووە و ئاستەنێگی هاتووچۆ بۆ خەڵک و شۆفێران درووست بوو.
ئەمەش لە کاتێدایە کە بەرپرسانی پارتی و پارێزگای هەولێر بە تایبەت ئومێد خەیاری هەر لە هاوینەوە بانگەشەیان دەکرد کە ئەمساڵ هیچ گرفتێک لە ڕووی لافاوەوە بۆ خەڵک درووست نابێت و بە تەواوی چارەسەر کراوە.
پارێزگاری هەولێر بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە وانەیان لە ساڵانی ڕابردوو وەرگرتووە و دەرفەتی ئەوە نادەن ئاو بچێتە هیچ ماڵ و دووکانێکەوە.
هەر لە یەکەم کاتژمێری لافاوەکەوە تەواوی ناحیەی بەحرکە بوو بە لافاو و دانیشتووانەکەی هاواریان لێهەستا. ناحیەی دارەتووش بە هەمان شێوە بوو بە لافاو و زیانێکی زۆر بە ماڵ و دووکان و ئۆتۆمبێلەکانی خەڵک گەیشت.
هاووڵاتیان ڕایانگەیاندووە کە هەولێر بەرگەی 5 خولەک باران بارینی نەگرت و لافاو لە هەموو لایەکەوە هەستا و داوای بەلەمیان لە ئومێد خۆشناو دەکرد. لە کۆڵانێکی هەولێردا بەرمیلەکانی سەرەی نەوت هەمووی لافاو بردی و خەڵک داوایان کردووە کە سەرەی بەرمیلەکانیان وەک خۆی بۆ دابنرێتەوە.
ئومێد خۆشناو هیچ گرنگییەکی بە خەڵک و داواکارییەکانی ئەوان نەدا و لە ڕیزی پێشەوەی پێشوازیکەرانی یانەی ئیتیحادی سعودی و کەریم بێنزیماوە بینرا.