هیچ کاغەز و ئامێرێکی ئەلیکترۆنی دەنگدان لە کۆمسیۆن نەچووەتە دەرەوە

بەرپرسی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمسیۆنی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە باس لە دەرچوونی کاغەزی هەڵبژاردن دەکەن لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق.

دوای ئەوەی دەنگۆی دزەکردنی کاغەزی دەنگدان لەبەشێک لە میدیاکان بڵاوبوویەوە، بەرپرسی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمسیۆنی عێراق دەڵێت، هیچ کاغەزێکی دەنگدان نەچووەتە دەرەوەی کۆمسیۆن و دڵنیایی بە هاوڵاتییانی هەرێم دەدەین لەو بارەیەوە.

دەشڵێت، چەند ڕۆژێک بەر لە ئێستا کاغەزی نمونەی دەنگدانیان بڵاوکردووەتەوە لە پێگەی ڕەسمی کۆمسیۆن بۆ بەرچاوڕوونی و هەر لایەنێک ئازادە لەوەی ئەگەر دەریهێنابێت و بۆ ڕاهێنانی کارمەندەکانیان بەکاریانهێنابێت، شتێکی ئاساییە.نەبەرد عومەر وتیشی، “بەدواداچوونمان کردووە کە هیچ کاغەزێکی دەنگدان و هیچ ئامێرێکی ئەلیکترۆنی دەنگدان لە بنکەکان دەرنەچووە و ئەو قسانەی بڵاوکراونەتەوە رەتیدەکەینەوە”.