هۆشیار زێباری: پێگەی هەرێم لاواز دەبێت

ئەندامێکی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی پارتی دیمۆکراتی کوردستان ڕایگەیاند کە لە عێراقەوە هەوڵی لاوازکردنی پێگەی هەرێم دەدرێت و ئەم هەوڵەش لە ئێستادا چڕتر بووەتەوە.

هۆشیار زێباری لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا وتی: هەوڵەکان بۆ لاوازکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان چڕتر بووەتەوە، ئەمەش هۆکاری زۆری هەیە، هۆکاری سەرەکیش ئەوەیە کە لایەنە شێعەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعی پابەندی ئەو بەڵێن و ڕێکەوتنە نەبوون کە حکومەتەکەی سودانیی لە سەر پێکهێنرا. هەروەها حکومەتی بەغدا بەو ڕێکەوتنەش پابەند نەبوو کە لە گەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کردوویەتی، ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ هەرێمی کوردستان کە دەبێت خوێندنەوەیەک بۆ دۆخی دۆخی بکات.

ناوبراو سەبارەت بە بودجەی عێراق و کاریگەرییەکانی لە سەر هەرێمی کوردستان وتی: ئەو بەشەی بودجەی عێراق کە پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە، پڕە لە مین، نابێت بە سادەی دابنێین، لە بەر ئەوەی کە بە پلانی پێشوەختە کاری لە سەر دەکەن و دژ بە هەرێم دەیجوڵێنن.

ئەو بەرپرسە باڵایەی پارتی لە درێژەدا وتی: لایەنەکانی شێعە هەوڵ دەدەن دەستووری ئێستا بگۆڕن لە بەر ئەوەی کە بڕوایان بە فیدراڵی بۆ عێراق نییە.

وتیشی کە گوشارەکان بەمەش ناوەستێت و بابەتی دیکە بە تایبەت دەروازە سنورییەکان دێتە پێشەوە و فڕۆکەخانەکانیش بە دەروازەی سنوری ناو دەبەن و ئەمانەش لە هەرێم دەگرنەوە.

زێباری وتی کە لە عێراق کەڵک لە کەلێن و ناکۆکییە ناوخۆییەکانی کورد بۆ لاوازکردنی پێگەی هەرێم دەگیرێت.