هۆشداری لە بەردەوامیی بەقاچاغ بردنی نەوتی هەرێم دەدرێت

پەرلەمانی عێراق هۆشداری لە مەترسی بەردەوامی قاچاغچێتی نەوتی هەرێم دەدات.

ئەندامێكی لیژنەی نەوت و غازی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، قاچاغچێتی نەوتی هەرێم دۆسیەیەكی زۆر مەترسیدارە و پێویستە سەرۆك وەزیرانی عێراق دەستوەردان بكات بۆ چارەسەركردنی ئەو پرسە، ئەو نەوتەشی كە بە قاچاغ بردراوە لە هەرێمەوە لەسەر پشكی عێراق هەژمار نەكرێت.

عەلی لامی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ دوشەممە بە كەناڵی العهد-ی عێراق ڕاگەیاند، قاچاغێتی نەوتی هەرێمی كوردستان دۆسیەیەكی زۆر مەترسیدارە، ئەوان لە لیژنەی نەوت و غازی پەرلەمان پێشتر چەندین نوسراویان ئاراستەی وەزیری نەوت و نوسینگەی سەرۆك وەزیران كردوە و هۆشدارییان داوە لەبارەی ئەو پرسەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، “قاچاغچێتی نەوت كاریگەری لەسەر پشكی عێراق لە هەناردەكردنی نەوت دەبێت و پێویستە لایەنەكانی چاوێری ئەو بڕە نەوتەی بە قاچاخ دەبرێت لەسەر پشكی عێراق هەژماری نەكەن”.

عەلی لامی باسی لەوەشكردوە، قاچاغچێتی نەوتی هەرێم كاریگەری لەسەر ناوبانگی عێراق دەبێت لە ڕێكخراوی ئۆپێك، ئەوە جگە لە كاریگەریە ئابورییەكانی ئەو كارە كە زیان دەگەیەنێت بەو بڕە لە نەوتی خاو كە بۆ عێراق دیاریكراوە هەناردەی بكات.