نوێترین زانیای لەبارەی كۆبوونەوەی ئەردۆغان و نێچیرڤان بارزانی ئاشكرابوو؛ئەوە نییە كە سەرۆكایەتی هەرێم باسی دەكات

میدیای توركیا سەبارەت بە سەردانی ئەمڕۆی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا و كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا چەند تەوەرێكی جیاواز لەو تەوەرانە باس دەكات كە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاندووە.

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە ئەنقەرە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆكی كۆماری توركیا كۆبووەوە، ئەردۆغان لەكۆبوونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی ئەوەی ڕاگەیاندووە ” پێویستە هەڵبژاردن كە بەرەی توركمانیش تێیدا بەشدارە بەشێوەیەكی ئارام بەڕێوەبچێت”.

بەپێی هەواڵی میدیای فەرمی توركیا، لە كۆبوونەوەكەدا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و نێچیرڤان بارزانی بیروڕایان لەبارەی پەیوەندییەكانی توركیا و عێراق بە هاوبەشی هەرێمی كوردستان ئاڵوگۆڕ كردووە، هەروەها گفتوگۆیان لەبارەی گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە كردووە، ئەردۆغان وتویەتی “هیوادارم هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان كە بڕیارە 20 ی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت سودبەخش بێت، هەروەها هەڵبژاردنەكە كە بەرەی توركمانیش تێیدا بەشدارە، بەشێوەیەكی ئاشتیانە و ئارام بەڕێوەبچێت”.

بەوتەی میدیای فەرمی توركیا “مەترسی هەیە كارە دوژمنكارەكانی ئیسرائیل بەشێوەیەكی مەترسیدار ناوچەكە بگۆڕێت بۆ مەیدانی جەنگێكی گشتگیر، توركیا گرنگی زۆر بە ئارامی ناوچەكە دەدات، هەوڵەكانی عێراقیش بەرز دەنرخێنین بۆ پاراستنی وڵاتەكە لەوەی بەدووربێت لە ململانێكان”.

ڕێگای گەشەپێدان یەكێكی دیكە بووە لە تەوەرەكانی گفتوگۆی نێوان نێچیرڤان بارزانی و ئەردۆغان، بەوتەی میدیای توركیا ئەردۆغان لەوبارەیەوە وتویەتی “ئەو پرۆژەیە بەشدارییەكی گەورە دەكات لە گەشەپێدانی ئابوری و ئارامی ناوچەكە بە گشتی، پرۆژەكە هەرێمی كوردستانیش لە هەموو ڕوویەكەوە سودی لێدەبینێت”.

پرسی تیرۆر كە توركیا هەموو كات مەبەستی لە دۆسیەی پەكەكەیە، یەكێكی تر بووە لە تەوەرەكانی كۆبوونەوەی نێوان سەرۆك كۆماری توركیا و سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئەردۆغان جەختیكردووەتەوە “پێویستە هەماهەنگی بەهەموو شێوەیەك بەردەوام بێت بۆ سەركەوتن بەسەر هەڕەشەی تیرۆر كە هەڕەشەیە بۆ سەر ناوچەكە بۆ ئەوەش توركیا بەهەموو شێوەیەك هاوكاری عێراق دەبێت”.

بەڵام سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكەدا نوسیویەتی “لە كۆبوونەوەكەدا، جەختیان لە برەودان بە پەیوەندییەكانی توركیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی لە بواری ئابووریدا كردەوه، لەمبارەیەوە چۆنیەتیی بەرزكردنەوەی ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و دەر‌فەتەكانی كار و وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاریی توركییان لە ناوچە جیاكانی عێراق و هەرێمی كوردستان، تاوتوێ كرد”.

بەوتەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان “سەرۆك كۆماری توركیا، بەردەوامیی هاوكاری و پشتگیریی وڵاتەكەی بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان و هاریكاریی هاوبەشی نێوانیانی لە هەموو بوارەكاندا، دووپات كردەوە، هەروەها ئامادەیی و خواستی كەرتی تایبەتی وڵاتەكەی بۆ كار و وەبەرهێنان لە بوار و كەرتە جیاكاندا نیشان دا”.

“پەیوەندییەكانی هەولێر ـ بەغدا، پرۆژەی ڕێگەی پەرەپێدان، پەیوەندییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە، مەترسییەكانی تیرۆر و بەرەنگاربوونەوەی داعش، چەند تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەكەوە بوون”. سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان وا دەڵێت.