ناکرێت پێشمەرگە و ئاسایشى ڕاستەقینە باجى هێزى بیانى بدات؛ “ڕۆژ” و “پاک” گرێکۆرەی نەناردنی مووچە

لە کاتێکدا هێزەکانی پێشمەرگە نێزیک بە دوو مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە، بۆ هەمووان ئاشکرایە کە پارتی هۆکاری ئەم دۆخەیە بە تایبەت بە دامەزراندن و پشتیوانی دارایی لە هێزی بیانی کە لە کوردانی وڵاتانی دیکە پێکهاتوون و پێشمەرگە و ئاسایشى ڕاستەقینە باجى ئەو هێزانە دەدات.

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی ئاوێنە، عێراق فۆکەسى خستووەتە سەر هێزەکانى (ڕۆژ)ى سووریا و (پاک)ى ئێران، دەیەوێت ئەو گاپە بەفەرمى ئاشکرا بکات، پەرلەمانتارێکیش دەڵێت “ناکرێت پێشمەرگەو ئاسایشى ڕاستەقینە باجى هێزى بیانى بدات”.

گرێکۆرەی نەناردنی مووچەی هێزەکانی کێشەى ناو وەزارەتى پێشمەرگە هێزەکانى ڕۆژ و پاک-ە.

بەغداد فۆکەسى خستووەتە سەر چەند هێزێکى بیانى کە لەمدواییە وەکو بەشێک لەوەزارەتى پێشمەرگە دروستکران، لەوانەش (هێزەکانى ڕۆژ) ی سوریا (هێزى پاک)ى حسێن یەزدان پەناى ئێران.

بە گوێرەی ئەم ڕاپۆرتە پاک و ڕۆژ بەهەردووکیان خۆیان لە ٣٠ هەزار پێشمەرگە دەدەن، ئەمە جگە لەوەى لەم دوایەدا چەندین لیواى نوێى پێشمەرگە، لەسنورى (بارزان، کەرکوک، هەولێر) بۆ کەسایەتیە عەشائیرییەکان دروستکران وەکو تەسفیەیى حیزبى، ئەوەش هەڵئاوسانێکى ناڕوونى لەژمارەى هێزەکانى پێشمەرگە بەتایبەت زێرەڤانى دروستکرد.

ئەبوبەکر هەڵەدنى، دوو خولى پەرلەمانى ئەندامى لیژنەى پێشمەرگە بووە لەپەرلەمان، سەرجەم ئەو گرفتانەى ئێستا هاوپەیمانان‌و عێراق ڕووبەڕوى وەزارەتى پێشمەرگەى دەکاتەوە ئەو پێشتر ئاماژەى پێکردوون، بڕواى وایە ئەگەر هێزى پێشمەرگەى هەرێمى کوردستان بەراورد بکەین بەسوپاى چین ئێمە بەراورد بەژمارەى دانیشتوان سوپامان لەوڵاتێکى وەکو چین زیاترە کە ٤٠٠ هەزار پێشمەرگەمان هەیە.

هەڵەدنى وتی “بەناوى دژە تیرۆرو کۆماندۆو زێرەڤانى دەیان جۆر هێز لەهەرێمى کوردستان دروستکراون، گرنگە لەناو هێزى بەڕێوەبەرایەتى پاسەوانى ئەوانەى بەفعلى دۆسیەکانیان تەواوە باجى ئەوانە دەدەن کە بندیوارن‌و هەشیانە لەدەرەوەى وڵاتەو دەوام ناکات، بۆیە بەگشتى هەرێم‌و بەغدا هەردووکیان لەم پرسەدا تاوانبارن”.

ئەبوبەکر هەڵەدنى لەبارەى هێزەکانى ڕۆژو پاک-ەوە پرسیارى ئاڕاستەى وەزارەتى پێشمەرگە کردووە دەربارەى ئەوەى چەند و بۆچى مووچە لە هەرێمى کوردستان وەردەگرن، وەزارەتى پێشمەرگە زانیارى لەسەر ئەو هێزانە لەلا نیە ئەوەش بۆ ئاوێنە دەدرکێنیت کە کێشەى ناو وەزارەتى پێشمەرگە پەیوەستە بەم هێزانەوە، ئەو وتى “چارەسەرى بنەڕەتى ئەوەیە وەزارەتى پێشمەرگەو هێزەکانى زێرەڤانى‌و بەرگرى‌و فریاکەوتن‌و دەستەى پاسەوانى گرنگە لەناوى وەهمى‌و بیانى پاک بکرێنەوە، ناکرێت چیدیکە پێشمەرگەیەک‌و ئاسایشێک باجى ئەم کەسانە بدات “.

جیاوازى نێوان دواکەوتنى مووچەى هێزە ئەمنیەکان‌و فەرمانبەرى مەدەنى یەک شتە، ئەویش ئەوەیە هەر خاوبوونەوەیەک لەئەرکى هێزە ئەمنیەکان هەرێمى کوردستان بەرەو نائارامى ئەمنى دەبات، ئەوەش ئەو ترسەیە ڕەنگە لەداهاتوودا ڕووبەڕوى هەرێم ببێتەوە.