ناڕەزایەتی دژی ئەو غەدرەی حکومەتی هەرێم لە بریندارانی چەکی کیمیایی دەیکات

بریندارانی چەکی کیمیایی لە ھەڵەبجە گردبوونەوەی ناڕەزایەتیان لە دژی بڕیارێکی حکومەتی ماوەبەسەرچووى ھەرێم دەربڕی، داوا دەکەن ئەو مینحە داراییەى، کە بڕەکەی ٤٠٠ ھەزار دینارە بۆیان بگەڕێننەوە، دەشڵێن، ئەو پارەیە ھەمووی بۆ دەرمان و چارەسەری پزیشکی بەکاردەھێنن.

ئەمڕۆ ژمارەیەک لە بریندارانی چەکی کیمیایی لەبەردەم بینای پارێزگاری ھەڵەبجە، گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیان ئەنجامدا دژی بڕینی مینحەی بریندارییان، کە ماوەی ساڵێک زیاترە لەلایەن حکومەتی ماوەبەسەرچووى ھەرێمەوە ڕاگیراوە و پێیان نادرێت.

لەیلا محەمەد بەیاننامەی بریندارانی چەکی کیمیایی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا خوێندەوە و وتی: بەدرێژای مێژوو گەلی کورد ڕووبەڕووی دەیان تاوانی گەورە بووەتەوە لە کات و ساتی جیاوازدا، بەڵام دیارترینیان ڕوداوی کیمیابارانکردنی ھەڵەبجە بوو، بەداخەوەش تائێستا ھیچ یاسایەک نییە بۆ پاراستنی ماف و ئیمتیازاتەکانی بریندارانی چەکی کیمیایی نییە، بۆیە بەردەوام لە دۆخێکی خراپدان.

لە بەیاننامەکەشیاندا بەنیگەرانییەوە دەڵێن، بەداخەوە لە پرۆسەی چاکسازیدا ئەو بەرکەوتوانەی موچەی دیکەیان ھەیە مینحەکانیان ڕاگیراوە، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئەم بەرکەوتوانە ئەو مینحەیە بۆ دابینکردنی چارەسەرە بەردەوامەکانیانە، کەژمارەیان ٣٣٩ کەسە لەسەر تاسەری ھەرێم.

ھەر لەبەیاننامەکەیاندا، چەند خاڵێکیان ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد و باسیان لەوەکرد، نەخۆشخانەی بەرکەوتوانی کیمیاباران بۆ ئەو مەبەستە درووستکراوە خزمەتی بەرکەوتوان بکات ئەوەش لە ڕێگەى فەراھەمکردنی پێداویستییەکانیان.

ئەوەشیان خستەڕوو، پێدانی ئەو مینحەیەی ماوەی ساڵێکە ڕاگیراوە بەھۆکاری بوونی مووچەی دیکە، چونکە بەرکەوتوان بەردەوام پێویستیان بەچارەسەرە، پێویستە پەلەش بکرێت لە ناردنە دەرەوەی ئەو بریندارانەی پێویستیان بەچارەسەر و چاندنی گلێنەی چاوە.