نان هەرزانکردن یان دابەشکردنی مووچە، کامیان پێویستە؟

سەرۆکی حکومەتە کەمتەرخەمەکەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە کە نان هەرزان دەبێت و دە نان دەدرێتە هەزار دینار.

ئەم لێدوانەی مەسرور بارزانی زۆرترین کاردانەوەی لە لایەن خەڵک و بە تایبەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە دوای خۆیدا هێناوە و خەڵک بە گاڵتەوە باسیان کردووە ئەوەی پێویستە دابەشکردنی مووچەیە تا جوڵەیەک بە بازاڕ و گیرفانی خەڵک بدرێت.

هەندێکی دیکە لە خەڵک ڕایانگەیاندووە کە ئەگەر پارە نەبێت توانای کڕینی نانەکەش نییە. ئەوان ڕایانگەیاندووە حکومەت دەبێت مووچە دابەش بکات و مەسرور بارزانی دەبوایە مزگێنی دابەشکردنی سێ مووچەکەی کۆتایی ساڵی 2023 ی بدایە نەک ئەوەی بڵێت نان هەرزان دەکەین.

سەیری ئەم حکومەتە بکە، نە مووچە هەیە، نە نەوت هەیە، نە بەنزینی بەکوالیتی هەیە، نە ئاوی پاک و خاوێن هەیە، نە کارەبا هەیە، نە غاز هەیە و حکومەت دەیان ساڵە لە پێناو چارەسەرکردنی ئەم کێشە و گرفتانەدا هیچ هەنگاوێکی کرداری درێژخایەنی نەناوە و ئەگەر هەوڵێکی هەبووە بە شێوەی کاتی ویستی دەربازبوونی لە گلە و گازەندەی خەڵک هەبووە.

حکومەتی هەرێم کە توانای چارەسەرکردنی کێشەکانی نەماوە، بۆ بەلاڕێدابردنی سەرنجی ڕای گشتی لە سەر ئەم کێشانە مزگێنی هەرزانکردنی نان دەدات، ئەوەش لای خەڵکەوە گرنگی پێنەدرا و تەنانەت حکومەتیشیان ڕەخنەباران کردووە.