موچەش بە حیزبی کرا

لە هەرێمی کوردستان و بە هۆی حوکمڕانی کوردییەوە هەموو شتێک بە حیزبی کراوە. هەرێمی کوردستان خاوەن دوو ئیدارەی نافەرمییە لە هەولێر و سلێمانی و هەموو شتێک لە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی پارتی و یەکێتیدا جیاوازە.

هەرێم خاوەنی دوو هێزی سەربازی، دوو هێزی ئەمنی، دوو دەزگای هەواڵگری، دوو عە‌قڵییەتی بەڕێوەبردن و دوو تێڕوانینی جیایە لە سەر پەیوەندییەکانی ناوخۆ و عێراقی و دەرەوە.

بە هۆی ئەم سیاسەت و تێڕوانینە جیاوازەوە دەبینین کە لە تەواوی بوارە جیاجیاکاندا، هەرێم بە دوو ئاراستەدا دەڕوات.

یەکێک لەو دۆسیانەی کە حکومەتی هەرێم بانگەشەی زۆری بۆ کردووە، پێدانی موچەی موچەخۆرانە لە ڕێگەی بانکەوە کە بە پرۆژەی هەژماری من ناسراوە و مەسرور بارزانی هەوڵی زۆری داوە بە دەسکەوتی خۆی بیناسێنێت.

ئێستا بە هۆی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی کوردستان و ئەو گرژی و ئاڵۆزییەی ڕووی داوە، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە فەرمی ڕایگەیاندووە کە پرۆژەی هەژماری من لە لایەن یەکێتی و لە سلێمانی ئیشی پێناکرێت.

بە واتایەکی دیکە، لە هەولێر و دهۆک موچەخۆران بە هەژماری من موچە وەردەگرن و لە سلێمانی، هەڵەبجە و گەرمیان موچەخۆران بە تەوتین و لە ڕێگەی بانکە عێراقییەکانەوە.

ئایا هەرێمی کوردستان خاوەنی حکومەتێکی یەکگرتووە؟ ئایا دوو ئیدارەییەکەی پێش 2005 نەبووەتە واقیعێکی نوێ؟ ئایا شکستی حوکمڕانی کوردی نەبووەتە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر؟