مووچەتان لێوە دیار نییە؟

مووچە ون بووە و هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی بێ ئەنجام بووە. جاروبار لە بەغداوە هەواڵێک دەگاتە میدیاکانی هەرێمی کوردستان و ئەویش بە بێ بنەما دەردەچێت و کەس نازانێت مووچە کەی سەردانی هەرێم دەکاتەوە.

دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان زیاتر توڕەیی بەرامبەر بە دەسەڵاتی کوردی لێکەوتووەتەوە. هەرێم موفلیس بووە و بەغداش بۆ پێدانی پارە مەرجی هەیە. مانگی تشرینی یەکەم بەرەو کۆتایی دەڕوات و هێشتا مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی هەشتیان وەرنەگرتووە.

دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان بووەتە کێشە و قەیرانە گەورەکەی خەڵک و حکومەت. حکومەتە خۆڕاگرەکە گیرفانی بەتاڵ بووە و بەغداش لە ڕوانگەی هێزەوە مامەڵەی لە گەڵدا دەکات.

زانیارییە پشتڕاستکراوەکان باس لەوە دەکەن کە بەغدا داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە خەرجی و داهاتەکانی هەر سێ مانگی 7، 8 و 9 ڕەوانە بکات بەڵام حکومەتی هەرێم تەنیا خەرجی و داهاتی مانگی 7 ی ڕەوانە کردووە. حکومەتی هەرێم ڕایگەیاندووە کە بەغدا پارەی مانگەکانی 7 و 8 ی نەناردووە تا خەرجی و داهاتەکانی ڕەوانە بکرێت.

لە لایەکی دیکەوە سەرچاوەیەک ڕایگەیاندووە کە ڕەنگە 700 ملیار دینارەکەی بەغدا بە سێ جار ڕەوانەی هەرێمی کوردستان بکرێت.

لە گەڵ دواکەوتنی زیاتری پارەی بەغدا و دابەشنەکردنی مووچە، ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکان لە هەرێمی کوردستان زیاتر پەرەیان سەندووە و مامۆستایانی ناڕازی و وانەبێژان هەڕەشەی بەڕێوەچوونی خۆپێشاندانیان کردووە.