مووچەتان لێوە دیارە؟

حکومەتی هەرێمی کوردستان ساڵانێکە نەوتەکەی بە سەربەخۆ فرۆشتووە و داهاتی ناوخۆش لەوپەڕی زیادبووندا بووە بەڵام هەر مووچەی بۆ بە ڕێکوپێکی دابەش نەکراوە، دواکەوتن و لێبڕینی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان یەکێک لە ئیشە هەمیشەییەکانی حکومەتە خۆماڵییەکە بووە.

ئێستا کە دۆسیەی نەوت لە دەستی حکومەتی عێراقدایە و بودجەش لە لایەن بەغداوە دابین دەکرێت ڕەنگە بە ڕواڵەت خەڵک هەست بەوە بکەن کە کێشەی مووچە کۆتایی هاتووە بەڵام ئەو پارەش لە بەغداوە دێت دیسانەوە لە دەستی حکومەتی هەرێمدایە و دیسانەوە هەمان کێشە ڕوو دەداتەوە.

ئەگەر یەکێتی لە سەر بودجەی سلێمانی ناڕازی بێت کێشەی گەورەتر لە هەرێمی کوردستان ڕوو دەدات و سلێمانی خۆی لە بواری دابەشکردنی مووچە و بودجە جیا دەبێتەوە و بەغدا مامەڵەی ڕاستەوخۆی لە گەڵیدا دەبێت، لە وەها دۆخێکدا ناکۆکییە ناوخۆییەکان دەگاتەوە لوتکە و کێشە و گرفتەکان زیاتریش دەبن.

بە کورتی و بە کوردی، حکومەتی هەرێم توانای دابەشکردنی مووچەی بەو هەموو پارەی نەوت و ئەم لا و لاوە نەبووە. ئێستا نەوت لە ژێر کۆنتڕۆڵی بەغدایە و ئەو پارەش لە بەغداوە دێت دیسانەوە دەبێت خەرجی حیزب و بنەماڵەی لێ جیا بکرێتەوە. چی بۆ مووچە دەمێنێتەوە و کەی و چۆن دابەش دەکرێت؟ ئەوە لە داهاتوودا خەڵک زیاتر ڕاستییەکانیان بۆ ڕوون دەبێتەوە.