لایەنە سیاسییەكانی هەرێم نایانەوێت كەسانێكی بەهێز بنێرنە پەرلەمان

دامه‌زراوه‌ى په‌ى بۆ په‌روه‌رده‌ و گه‌شه‌پێدان، ئاستى بڕوانامه‌ى كاندیدان بۆ هه‌ڵبژاردنى خولى شه‌شه‌مى په‌رله‌مانى كوردستان بڵاوده‌كاته‌وه‌ و ئەم ڕاپۆرتە نیشانەی ئەوەیە کە زۆربەی کاندیدەکان بڕوانامەیان نییە و لایەنە سیاسییەكانی هەرێم نایانەوێت كەسانێكی بەهێز بنێرنە پەرلەمان.

دامه‌زراوه‌ى په‌ى ڕایگه‌یاند: لەو هەڵبژاردنەی بڕیار بوو بۆ خولی شەشەمی پەرلەمان كوردستان لە (10/6/2024) بكرێت، هەڵسەنگاندنێكمان بۆ ئاستی بڕوانامەی كاندیدی سەرجەم لیست و قەوارەكان و كاندیدانی سەربەخۆ كرد، ئەو كاتە بەپێی داتا فەرمییەكانی كۆمسیۆن ژمارەیەكی زۆر لە كاندیدەكان بڕوانامەیان نەبوو و ئاستی خوێندەواریان نزم بوو، بە جۆرێك لە كۆی گشتیی (861) كاندید كە داواكاریان پێشكەشی كۆمسیۆن كردبوو، پێكهاتبوون لە: (23) دكتۆرا، (48) ماجستێر، (249) بەكالۆریۆس، (76) دبلۆم و (465) كاندیدیش بێ بڕوانامە تۆمار كرابوون، لە بەرامبەر ناوەكانیاندا یا بڕوانامەی سەرەتایی و ناوەندی یا دەستەواژەی (یقرأ ویكتب) تۆمار كرابوو، بەمەش رێژەی ئەوانەی بڕوانامەیان نەبوو رێژەی (54%) ی سەرجەم كاندیدەكانی پێكدەهێنا.

دامه‌زراوه‌ى په‌ى ده‌شڵێت:”ئەو كاتە ئێمە لە دامەزراوەی پەی لە بانگەوازێكدا كە ئاراستەی سەرجەم لایەنە سیاسییەكانمان كردبوو، داوامان كرد، بە لیستی كاندیدانیاندا بچنەوە. بۆ ئەوەی كەسانی (بڕیار بەدەست، لێهاتوو، بە ئەزموون و خاوەن پسپۆریی جیاجیا و خاوەنی بڕوانامەی فیعلی) كاندید بكەن، چونكە پەرلەمان پێویستی بەم جۆرە كەسانە هەیە، لەو كاتەدا ئەوە بوو هەڵبژاردن دواخرا و دەرفەتێك بە قەوارە سیاسییەكان دراو دەیانتوانی بەم كارە هەڵسن، پێویست بوو ئەم گۆڕانكاریانە بكەن كە هەم لە بەرژەوەندی خۆیان و هەم خەڵكی كوردستانیشدا بوو. بە شێوازی راستەو خۆ و ناراستەو خۆ زۆرینەی لایەنە سیاسییەكان بەڵێنی ئەوەیاندا”.

“ئەوەی تێبینی دەكرێت، لەو لیستانەی بۆ جاری دووەم و بۆ هەڵبژاردنی (20/10/2024) پێشكەشیان كردەوە، نەك هەر گۆڕانكاری نەكراوە بەلایەنی ئەرێنییەوە بەڵكو بەرەپێی داتا فەرمییەكانی كۆمسیۆن بەرەو دواوە گەڕاوەتەوە، ئەوەتا لە كۆی (1191) كاندیدی لیستەكان و سەربەخۆكان، (36) دكتۆرا، (51) ماجستێر، (339) بەكالۆریۆس، (86) دبلۆم و (679) كاندیدیش بێ بڕوانامە تۆمار كراون، كە لە بەرامبەر ناوەكانیاندا یا بڕوانامەی سەرەتایی و ناوەندی یا دەستەواژەی (یقرأ ویكتب) تۆمار كراوە، بەمەش رێژەی ئەوانەی بڕوانامەیان نیە بەرز بۆتەوە بۆ رێژەی (57.01%). ئەمەش دەرخەری ئەوەیە كە لایەنە سیاسییەكان نایانەوێت كەسانێكی بەهێز بنێرنە پەرلەمانەوە”، دامه‌زراوه‌ى په‌ى وا ده‌ڵێت.