عامری: نابێت هەرێمی کوردستان داوای نەوتی کەرکوک بکات
هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح لە عێراق، لە لێدوانێکی نوێدا جەختی کردەوە کە تەنیا حکومەتی ناوەندی عێراق مافی سەرپەرشتیکردن و هەناردەکردنی نەوتی کەرکوکی هەیە.
عامری وتی: “نەوتی کەرکوک سامانێکی نیشتمانییە و تەنیا حکومەتی فیدراڵی عێراق دەسەڵاتی بەڕێوەبردن و هەناردەکردنی هەیە.”
هەروەها ئەو ڕایگەیاند کە “نابێت هەرێمی کوردستان داوای نەوتی کەرکوک بکات” و ئەمەی بە هەنگاوێکی نادروست وەسف کرد.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا دێن کە پرسی نەوتی کەرکوک یەکێکە لە خاڵە ناکۆکەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی عێراق. حکومەتی هەرێم درەنگانی شەوی ڕابردوو بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و داوای نەوتی کەرکوکی کرد.
هەرێمی کوردستان پێشتر بەشداری لە هەناردەکردنی نەوتی کەرکوکدا کردووە، بەڵام ئێستا بەغداد جەخت لەسەر کۆنترۆڵی تەواوی ئەم سەرچاوە نەوتییە دەکاتەوە.